دیپلۆماتکاران: جیهان پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکات؛ کوردانی تاراواگە دەستیان پێ کرد

 	 دیپلۆماتکاران: جیهان پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکات؛ کوردانی تاراواگە دەستیان پێ کرد
دیپلۆماتکارانی کوردستان باس لە گرنگیی بەشداریی کوردان دەکەن لە ڤیستیڤاڵی سەربەخۆییی کوردستان و پشتیوانیی ڕیفراندۆمدا و دەڵێن، گۆڕانکاری لە هەڵوێستی وڵاتاندا، یەکێکە لە ئەگەرەکان.

ئەمڕۆ کوردانی دەرەوەی وڵات دەستیان بە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم کردووە، بە هەزاران خەڵک بۆ پشتیوانی لە ڕیفراندۆم ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد، ڕیفراندۆم لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت، بڕیارە کەمپینی (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم فراوان بکرێت، چەندن چالاکییەک ئەنجام بدرێت، لەوانە بڵاوکردنەوەی دروشمی ڕیفراندۆم و بەرزکردنەوەی نووسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هاوکات خەڵکی سڤیل، خۆیان گرووپ و ڕێکخراوی خۆبەخشیان دروست کردووە بۆ پشتیوانی لە ڕیفراندۆم، (دلاوەر ئاژگەیی)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا دێت پشتیوانی لە ڕیفراندۆم فراوان دەبێت بەشداریی کوردان لە کەمپینەکاندا بەردەوامە، بەتایبەت لە ئەڵمانیا و، بریارە لە وڵاتەکانی دیکەش بکرێت، ئەمانە هەمووی دەرخەری ئەوەیە کە خەڵک لە دەرەوەی وڵات بەپەرۆشەوە لە پرسی ڕیفراندۆم دەڕوانن و خەڵکێکی زۆر ئامادەن بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان و ئامادەکاری بۆ کەمپینەکانی ڕیفراندۆم.''

(ئاژگەیی) ئەوەشی خستە ڕوو: ''دوای بەشداری زۆری کەمپنیەکان خەڵک بە شێوەی جیاواز پەیامی خۆی دەگەیەنێتە سەرجەم ناوەندەکانی ئەوروپا، بەشێکی زۆری چالاکییەکانیش لە لایەن خەڵکی خۆبەخش و کەسانی سڤیلەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوەش دەرخەری پەرۆشیی خەڵکە بۆ ئەو پرسە نیشتمانیانە و پرسی ڕیفراندۆم زۆر گرنگە، چەند جارێک لە پەرلەمانی ئەوروپا باس کراوە و لە کاتی هاتنی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەوروپا ئەم پرسە بە وردی قسەی لەسەر کراوە.''

هاوکات (د. کاوە شاوڵی)، دیپلۆماتکار و مامۆستای زانکۆ لە فەرەنسا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەمڕۆ دوو وەزیری گرینگی حکوومەتی تازەی فەرەنسا سەردانی کوردستانیان کردووە، یەکێکیان وەزیری دەرەوە و ئەوی دیکە وەزیری بەرگرییە، ئەمڕۆ ڤیستیڤاڵی کوردستانیانی تاراوگە لە دەرەوەی وڵات ئەوەیان سەلماند، کە گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، ئەم هەڵوێستەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کوردستانیانی تاراوگە دەرخەری ئەوەیە، کە ڕیفراندۆم هەڵقوڵاوی ناخی خەڵکە و کاریگەریی لەسەر بڕیار و هەڵوێستی زۆر وڵات کردووە، کە پێشووتر لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوون، ئێستاش موژدە بە خەڵکی کوردستان دەدرێت، کە تا دێت پشتیوانی و ئاستی پشتیوانی بۆ ڕیفراندۆم فراوانتر دەبێت، لە هەموو گرینگتر، ئەوەی کە سەرنجی ئەوروپییەکانی بۆ خۆی ڕاکیشا، ئەوەیە کە لە ڤیستیڤاڵەکاندا بۆ پشتیوانی لە ڕیفراندۆم هیچ ئاڵایەکی حزبی بەرز نەکرایەوە، سەرجەم ئاڵاکان هی کوردستان بوون، لە هەمووی گرنگتر خەڵکی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی بەشدارییان تێدا کرد، بەبێ جیاوازی، پەیامی جوان خوێنرایەوە، جگە لەوەی باس لەوە دەکرێت کە یاداشتی تایبەت بۆ پەرلەمانی ئەوروپا نێردراوە، کە پشتیوانی لە داخوازییەکانی گەلی کوردستان بکەن.''

جگە لە ڤیستیڤاڵی جەماوەری، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کوردستانیانی تاراوگە دەست بکەن بە پێکهێنانی چەند سیمینارێک بۆ کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان و گێرانی ئاهەنگی تایبەت بەو هۆیەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەش لە ماوەی ڕابردوودا لە ئەمەریکاش کوردستانیان پشتیوانیی فراوانیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند، (هەڤاڵ دەسکۆ)، دیپلۆماتکار و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئوسترالیا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''وڵاتانی دەرەوە هەڵوێستیان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم زۆر گۆڕاوە، زۆر بە هەستیارییەوە سەیری دەرئەنجامەکان دەکەن و بەپەرۆشن بۆ ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم، ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم هەڵوێستەی کوردانی دەرەوە، کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی سیاسیی جیهان هەبێت، چونکە ئەوەی کراوە بریاری سیاسی نییە، بڕیاری خەڵکی کوردستانە.''


(هەڤاڵ دەسکۆ) گوتیشی: ''ئه‌وروپییه‌كانیش بینییان كه‌ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم ته‌نیا داخوازیى كورد نییه‌، به‌ڵكو هی سه‌رجه‌م خه‌ڵكى كوردستانه‌، حکوومەتی ئەو وڵاتانەش باسیان له‌وه‌ كردووە، كه‌ ئه‌وان ڕێز له‌ بڕیاری خه‌ڵك ده‌گرن له‌ پرسی ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم و ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى و پشتیوانیشی لێ ده‌كه‌ن.''
kdp-
Top