قایمقامی چۆمان: بکوژانی دوو براکەی باڵەکایەتی بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت

 قایمقامی چۆمان: بکوژانی دوو براکەی باڵەکایەتی بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت
قایمقامی چۆمان ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە مەبەستی زانینی وردەکاریی ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی 25/8/2017ی گوندی (گوندەژۆر)ی ناوچەی باڵەکایەتی، هێزە ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوە دان و بکوژەکانی دوو براکەش دەستگیر کراون.

ئەحمەد قادر، قایمقامی چۆمان ڕایگەیاند: "ئەو دوو کەسەی لەسەر کوژرانی دوو براکەی گوندی (گوندەژۆر) دەستگیر کراون، بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو بەڵگانەی دەست کەوتوون، بە دەزگا پەیوەندیدارەکان دراون و ئێستا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەدا دەکات و دواتر ”لەڕێگەی ڕاگەیاندنی پۆلیسەوە قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی بەدواداچوونەکان دەخرێتە ڕوو".

قایمقامی چۆمان ئاماژەی بەوە کرد کە هەر لە چوارچێوەی ڕووداوەکە و بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی ناوچەکە، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر سەردانی دەڤەرەکەی کردووە و بڕیارە کەمێکی دیکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدات.

دوای کوژرانی دوو براکەی گوندی (گوندەژۆر)ی سنووری چۆمان لەسەر دەستی چەند چەکدارێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، خەڵکی ناوچەکە کاردانەوەیەکی توندیان بەرامبەر سەرجەم بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان دا و لە ئەنجامدا 5 بارەگای ئەو حزبانە سووتێندران.









باسنیوز
Top