عوسمان ئۆجەلان: تا ٢٥\٩ سیناریۆی جۆراوجۆر دێنە پێش گرنگ ئەوەیە ژیرانە مامەڵە بکرێت
عوسمان ئۆجەلان، سیاسمەتداری باکووری کوردستان و برای عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) گوتی: "تا نزیک دەبینەوە لە کاتی ریفراندۆم، سیناریۆی جۆراوجۆر دادەندرێت و هەمووشیان ئامانجیان ئەوەیە کە ڕیفراندۆم نەکرێت، جارێک بە کۆبوونەوەی دووقۆڵیی ئێران و تورکیا و جارێک بە پەنا بردنە بەر یەکێتیی ئەورووپا و جارێک بە سیناریۆی ناوخۆیی کە هەر یەکیان بە جۆرێک دەیانەوێت فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن تا ڕیفراندۆم نەکرێت".
عوسمان ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم ڕیفراندۆمەش نابێت بە کەم تەماشا بکرێت و ئەگەر سەرنج بدەینە میدیاکانی تورکیا، ماوەیەکی زۆرە خۆیان لەسەر ئەو پرسە سەرقاڵ کردووە و گرنگی زۆر پێ دەدەن و رەنگە دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەکە بێتە ئاراوە و سەرجەمیان بوون بە ئەمری واقع و دەوڵەتان دەتوانن خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی داهاتووی کوردستان رابهێنن و گرنگە بۆ ئەوان کە دەوڵەتێکی دیموکرات و ئاشتیخواز دروست ببێت کە دراوسێیەکی باش بێت، نەک ناوچەیەک بێت کە دواجار گرفتیان بۆ دروست بکات، بۆیە ئێستا جۆرێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ واقعەکە هاتووەتە ئاراوە و دوای ئەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان سووربوونی خۆی بۆ پرسەکە دەربڕی، ئێستا جۆرێک لە نەرمبوونەوە و پەشیمانبوونەوە دەستی پێ کردووە، بەتایبەت هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا و فەرەنسا و وەزیری بەرگریی فەرەنسا".
ئەوەشی خستە روو: "پێگەی دەوڵەتی کوردستان لە ناوچەکە فریادڕەسی ڕزگارکردنی تاکی کورد دەبێت لەو بێڕێزیەی پێی دەکرێت بەهۆی کوردبووینەوە خەڵکێکی زۆر رەخنەمان لێ دەگرن و دەلێن ئایا گونجاوە زیاتر لە 30 ملیۆن کورد بێ ناسنامە و بێ دەوڵەت بن؟”.
باسنیوز
