وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا گەیـشتنە بەغدا

 وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا گەیـشتنە بەغدا

هەردو وەزیری دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا بە سەردانێک گەیشتنە شاری بەغدای پایتەختی عێراق.



رۆژی شەممە 26/8/2018، ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوە و فلۆڕانس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ دەبنەوە.



بەپێی پێشبینییەکان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی ژان ئیف لۆدریان و فلۆڕانس پارلی و بەرپرسانی باڵای عێراق شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی تەلەعفەر دەبێت لە پارێزگای نەینەوا.



چاوەڕێ دەکرێ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی عێراق سەردانی شاری هەولێر بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ ببنەوە.



فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی دۆستی گەلی کوردستانە و لە شەڕی دژی داعشیشدا، بە چەندین شێوە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.



ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.




باسنیوز
Top