بارەگایەکی بارزانی نەمر لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا لە حاجی ئۆمەران كرایەوە

بارەگایەکی بارزانی نەمر لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا لە حاجی ئۆمەران كرایەوە
بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و حزبی و جەماوەرێكی زۆر و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بارەگای (بارزانی نەمر)، کە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا لە جاجی ئۆمەران بوو، كرایەوە.

(حەسەن حەدۆ)، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان لە باڵەكایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئامانج لە كردنەوەی بارەگای (بارزانی نەمر) لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا، ئەوەیە كە ئەو بارەگایە لە ساڵی ١٩٧٤ دروست كراوە، لەو كاتەوە تا ئێستا ئەو بارەگایە هەر ماوە، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەكی پێشكەش نەكراوە، لە هەرچوار پارچەی كوردستانیشەوە خەڵك سەردانی ئەو بارەگایەیان دەكرد، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی (كاكەمین نەجاڕ)، بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسانی دیكە و جەماوەرێكی زۆری ناوچەكە و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان ئەو بارەگایە كرایەوە و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئەو بارەگایە كرا، بۆ ئەوەی خزمەتێک بێت بۆ ئەو خەڵكەی سەردانی ناوچەكە دەكەن و، هەروەها وەفایەكیش بێت بۆ باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد، (بارزانی نەمر) و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان.''

بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان لە باڵەكایەتی ڕوونیشی كردەوە: ''چەندین بارەگای شۆڕش لە باڵەكایەتی هەن، چەندین جار بە نووسراو داوامان كردووە بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەو شوێنە پیرۆزانە بكرێت، كە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا شوێنی شۆڕش بوون، بۆ ئەوەی نۆژەن بكرێنەوە و بپارێزرێن، چونكە سەروەت و سامانێكی گەورەی گەلی كوردن، بۆیە چاوەڕوانین وەڵامی نووسراوەكەمان بدرێتەوە و دەست بە نۆژەنكردنەوەی ئەو بارەگایانە بكەین.''
kdp-
Top