ئەمەریکا لە مەشق و راهێنانکردن بە پێشمەرگە بەردەوامە

ئەمەریکا لە مەشق و راهێنانکردن بە پێشمەرگە بەردەوامە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە مەشق و راهێنانکردن بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەت لە چۆنیەتیی خۆپاراستن لە چەکی کیمیایی بەردەوامی هەیە و، دوێنێیش ئەفسەرانی پێشمەرگە سێیەم خولیان لەو جۆرە مەشق و راهێنانە تەواو کرد.

ئەمەریکا تا ئێستا سێ مەشق و راهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و بڕیاریشە مەشق و راهێنانی دیکە بەردەوامیان هەبێ، وەک ئەفسەرێکی پێشمەرگە بەناوی (ئیسلام چاڵی) کە بەشداری لە مەشق و راهێنانەکە کردووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان زانیاری دا، دوێنێ سێیەم خولی مەشق و راهێنانی ئەمەریکا بە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە بەناوی (CBRN) کۆتایی هات.

لە خولەکەدا ئەفسەرانی سریەیی بەرگریی کیمیایی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربوون و ئەفسەران راهێنانی تەواویان پێکرا لە چۆنیەتیی خۆپاراستنیان لە چەکی کۆمەڵکوژی بەتایبەت چەکی کیمیایی، هاوکات لە خولەکەدا بە ئامێرێکی پێشکەوتوو بۆ ئاشکراکردنی چەکی کیمیایی راهێنان کرا، (ئیسلام چاڵی) دەڵێ، "ئیدی فێربووین چۆن خۆمان لە چەکی کیمیایی دەپارێزین، هەروەها راهێنانمان کرد لە چۆنیەتیی پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەماددەی ژەهراوی پیسبوونە و مەشقمان کرد لە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانە."
خولەکە لەسەر دەستی راهێنەرانی ئەمەریکایی بەڕێوەدەچێ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رێکی خستووە و تایبەتە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە پاڵ هێزی پێشمەرگەیشدا ژمارەیەک ئەفسەرانی بەرگری شارستانی لە خولەکەدا بەشدارن.

(چاڵی) دەڵێ، لەو خولەدا پێیان گوتین کە ئەو مەشقوراهێنانە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامی دەبێ. هەڵبەت بەرپرسانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش رایانگەیاندووە کە ئەمەریکا بڕیاری داوە لە ساڵی دابێ، مەشق و راهێنان بە دوو لیوای دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە بکات.
kdp-
Top