سبەینێ فێستڤاڵی سەربەخۆیی کوردستان لە ئەڵمانیا ساز دەدرێ

سبەینێ فێستڤاڵی سەربەخۆیی کوردستان لە ئەڵمانیا ساز دەدرێ
سبەینێ لە ئەڵمانیا کوردانی تاراوگە فێستڤاڵێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان ساز دەدەن و، بەگوێرەی زانیاری ئەندامێکی کۆمیتەی فێستڤاڵەکە پێشبینی دەکرێ کە ١٥ بۆ ٢٥ هەزار کورد و کوردستانیان لەو فێستڤاڵەدا بەشدار بن.

ڕۆژی ٧ی مانگی حوزەیران، 16 حزب و لایەنی سیاسیی باشووری کوردستان بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) كۆبوونەوە و بڕیاریان دا 25/9 ـى ئه‌مساڵ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کوردانی تاراوگەیشەوە، ئەنجام بدرێ.
کوردانی تاراوگە خۆیان ئامادەکردووە بۆ کەرنەڤاڵی ریفراندۆم لە وڵاتانی جیهان، سبەینێیش لە ئەڵمانیا فێستڤاڵی سەربەخۆیی بەڕێوەدەچێ و کەسایەتییەکانی بیانیش بەشداریان لەو فێستڤاڵەدا دەبێ کە پاڵپشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێشوەختە دەردەبڕن.

(ئارمانج عه‌گید نێروه‌یى) به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى كۆمه‌ڵه‌ى دۆستایه‌تى كورد و ئه‌لمان و ئه‌ندامى كۆمیته‌ى فێستڤاڵەکە،‌ به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیموكراتى كوردستانى گوت،"بڕیاره‌ سبه‌ى شه‌ممه‌ كاتژمێر 2 ى پاش نیوه‌ڕۆ له‌ گۆڕه‌پانى (هۆیمارك) له‌شارى كۆڵنى وڵاتى ئه‌ڵمانیا فێسته‌ڤاڵى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان به‌ به‌شدارى زیاتر له‌ 40 هونه‌رمه‌ندى هه‌رچوارپارچه‌ى كوردستان له‌ ئه‌ورووپا و كوردستان به‌رێوه‌ بچێ ."

له‌باره‌ى ده‌ستپێك و ناوه‌ڕۆكى فێسته‌ڤاڵه‌كه‌ (نێروه‌یى) ئاشکرای کرد: "سه‌ره‌تاى فێسته‌ڤاڵه‌كه‌ به‌ سروودى نیشتیمانى (ئه‌ى ڕه‌قیب) له‌ لایه‌ن ته‌واوى هونه‌رمه‌ندان ده‌ست پێ ده‌كات و دواتر په‌یامى (سه‌رۆك بارزانى) پێشكه‌ش ده‌كرێت كه‌ بۆ فێسته‌ڤاڵه‌كه‌ى ڕه‌وانه‌ كردووه‌ و په‌یامێكى زۆر گرینگ ده‌بێت و دواتریش (ئیسماعیل بێشكچى) نووسه‌ر و كه‌سایه‌تى ناودارى تورك كه‌ به‌ساڵان له‌زیندانه‌كانى توركیا بووە‌ له‌سه‌ر بەرگریکردن لە دۆزی كورد، وتارێك به‌زمانى توركى پێشكه‌ش ده‌كات، دواتر ئه‌ندامێكى په‌ڕله‌مانى ئه‌ڵمانیا له‌پارتى سه‌وزه‌كان و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانێكى هه‌رێمى دۆسلدۆرف و په‌ڕله‌مانتارێكى به‌ریتانى و كه‌سایه‌تییه‌كى پارتى لیبرالى ئه‌ڵمانیش كه‌ دۆستێكى نزیكى كورده‌، گوتاریان ده‌بێ."
(نێروەیی) دەڵێ، پێشبینی دەکەین ١٥ بۆ ٢٥ هەزار کورد و کوردستانیان لەو فێستڤاڵە بەشدار بن.
kdp-
Top