پۆلیسی ھەولێر: تاوان یەکجار زۆر دابەزیوە.. دوو مانگی رابردوو ئارامترین دوو مانگ بوو
لیوا (عەبدولخالق تەڵعەت) بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەولێر لە پرێس کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دەتوانین بڵێین دوو مانگی رابردووی ساڵی(٢٠١٧) ئارامترین دوو مانگ بووە لە شاری ھەولێر، رێژەی تاوان یەکجار زۆر دابەزیوە، ھۆکارەکەش بۆ تووندترکردنی رێکارەکان دەگەڕێتەوە".
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر عەمید (عەبدولقادر) گوتیشی: "چەند تاوانێکی کوشتن و دزیکردن کرد، لەوانە دزینی بڕێکی زۆری پارە لە ماڵێک لە گەڕەکی ھەولێری نوێ لەلایەن سێ کەس. دەشڵێت "ئەو سێ تاوانبارە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و زیاتر لە ٥٠ ملیۆن دیناری عێراقی-یان لە کەسێکی بە رەگەز عەرەب دزی بوو، بەڵام بە ماوەیەکی کەم توانرا تاوانباران ئاشکرا بکرێن و رەوانەی دادگا بکرێن".
پەیوەست بەو تاوانە، لیوا (عەبدولخالق تەڵعەت) گوتی، "ئەو سێ تاوانبارە بەناوی دەزگای ئەمنییەوە چووبوونە سەر ئەو ماڵە عەرەبە، گوایە ئیقامەیان نییە و لە ئەنجامدا ئەو تاوانە گەورەیەیان ئەنجامداوە، دوای ئاشکرابوونی تاوانەکەش بەشێکی پارەکە گەڕێندراوەتەوە، بەڵام بەشەکەی دیکەی ماوە".
یەکێکی دیکە لە رووداوەکانی دزیکردن بەووتەی، عەمید (عەبدولقادر) لەلایەن دوو تاوانبارەوە بووە، کە ئەویش دزینی بڕی ٨٠ مسقاڵ زێڕ و بڕێک پارە بووە لە ماڵی پزیشکێک لە گەڕەکی ھەڤاڵانی شاری ھەولێر. "تاوانبارێکی دیکەش لە ئاکرێ ١١٣ مسقاڵ زێڕی دزیبوو، لە ھەولێریش لە بازاڕی قەیسەری لە چەند دووکانێک ھەوڵی دزینی زێڕی دابوو، بەڵام دەستگیر کرا".
پۆلیسی ھەولێر دەستگیرکردنی دوو تاوانباری دیکەی راگەیاند و لیوا (عەبدولخالق) گوتی، "ئەو دوو تاوانبارەی عەرەبی خەڵکی بەغدان، بەناوی گەشت ھاتوونەتە شاری ھەولێر و بڕی ١٦ مسقاڵ زێڕ و ١٦ تاک بازنی گەورەی زێڕ و چەند پارچەیەکی دیکەی زێڕیان لە بازاڕی تەیراوە و شارۆچکەی عەنکاوە دزیوە، ھەروەھا ئاماژەی بە چەند ڕووداوێکی کوشتندا."
kdp-
