دانا شەهید جەزا: بەشێک لە ناسەقامگیری و خراپیی ئابووریی سنووری سلێمانی پێوەندیی بە پەکەکەوە هەیە

دانا شەهید جەزا: بەشێک لە ناسەقامگیری و خراپیی ئابووریی سنووری سلێمانی پێوەندیی بە پەکەکەوە هەیە
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، (دانا شەھید جەزا) دەڵێت، بەشێک لە ناسەقامگیریی سنووری سلێمانی و خراپیی ڕەوشی ئابووریی ئەو سنوورە پێوەندیی بە ھەبوونی پەکەکەوە ھەیە، چونکە ھەندێ ڕەفتاری پەکەکە زۆری کاریگەری ھەبووە.

(دانا شەھید جەزا)، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بوونەتە سەرچاوەی کێشە بۆ خەڵکی ناوچەکە و ماوەی چەند ساڵێکە پەکەکە لەو سنوورە چالاکیی ھەیە و زۆرجاریش چالاکییەکانی بە زیان بۆ سەر سنوورەکە تەواو بووە، لەوانەش دانانی بازگە و خاڵی گومرک لە ناوچەکانی پشدەر و بتوێن و پێنجوێن و شارباژێر، لە ڕێی دانانی خالی پشکنینەوە گومرک و سەرانە لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرن، ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەو ڕەفتارەی پەکەکە پێچەوانەی یاسایە.''

پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی پارێزگای ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ژمارەیەک خێزانی ھەڵەبجە سکاڵایان لەسەر پەکەکە تۆمار کردووە، بە تۆمەتی ڕفاندنی منداڵەکانیان.''

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە ماوەکانی ڕابردوودا ژمارەیەک گەنج و منداڵی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە لە لایەن پەکەکەوە بردراون بۆ ، بەشێکیان بە شێوەی ڕفاندن بووە، ئەوەش کێشەی کۆمەڵایەتی و ئەمنیی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە، کێشەی ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان لە لایەن پەکەکەوە ڕفێندراون، یان بە ھەرشێوەیەکی دیکە بردراون بۆ قەندیل و ناوچەی خۆیان، ئەوەیە کە منداڵەکان دەخوازن بگەڕێنەوە، کەچی پەکەکە ڕێگەیان پێ نادات، ئەوەش چەندین کێشەی بەدوای خۆیدا ھێناوە.''

پارتی کرێکارانی کوردستان ئامادە نییە، پابەندی ھیچ یاسا و بڕیارێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستاندایە و بە ھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکەوە زیانی زۆری ماددی و گیانی بەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کەوتووە.

(دانا شەھید جەزا) گوتیشی: ''بەشێک لە ناسەقامگیریی سنووری سلێمانی و خراپیی ڕەوشی ئابووریی ئەو سنوورە پەیوەندیی بە ھەبوونی پەکەکەوە ھەیە، چونکە ھەندێ ڕەفتاری پەکەکە کاریگەریی زۆری ھەبووە لەسەر بزاوتی بازرگانی و مامەڵەکردن و ترسێکی پەیدا کردووە. تەنانەت من ئاگادارم بەشێک لە حزبە سیاسییەکان، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانی دانوستانی لەگەڵ پەکەکە کردووە، بۆ ئەوەی دەستبەرداری ھەندێ ڕەفتار بێت، پێویستە دەزگە ئەمنی و ئیدارییەکانی سلێمانی ڕێگری بکەن لە ھەڵسوکەوتی پەکەکە و نابێ چەکدارانی پەکەکە جێگەی حکوومەت بگرنەوە، چونکە بە زیانی خەڵکی ناوچەکە تەواو دەبێت.''
kdp-
Top