"یەکێتیی ئەورووپا هاوسۆزە لەگەڵ ماف و داواکانی گەلی کوردستان"

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند كە هاوسۆزە لەگەڵ ماف و داواكانی گەلی كوردستان و هەڵوێستی یەكێتیی ئەورووپا پاڵپشتیكردنە لە بەردەوامبوونی دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا..پشتیوانیی یەكێتیی ئەوروپایشی دەربڕی لە هەر ڕێككەوتنێك كە لەنێوان هەرێم و بەغدا بێتە ئاراوە و ڕایشیگەیاند كە یەكێتیی ئەورووپا ئامادەی پێشكەشكردنی ئاسانكارییە لەو بارەیەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (پاتریك سیمۆن) باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لەو دیدارەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و پرسی ڕیفراندۆم خرایە بەر باس و گفتگۆ و باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند كە هاوسۆزە لەگەڵ ماف و داواكانی گەلی كوردستان و هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا پاڵپشتیكردنە لە بەردەوامبوونی دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا و باسیشی لە كۆمەڵێك بۆچوون كرد لەمەڕ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم و پشتیوانیی یەكێتیی ئەوروپایشی دەربڕی لە هەر ڕێككەوتنێك كە لەنێوان هەرێم و بەغدا بێتە ئاراوە و ڕایشیگەیاند كە یەكێتیی ئەوروپا ئامادەی پێشكەشكردنی ئاسانكارییە لەو بارەیەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەوە پەیوەست بە پرسی ڕیفراندۆم (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە كە ڕیفراندۆم پرسێكە لەسەرووی هەموو پرس و كێشەی تر. هەروەها گوتیشی بەهۆی ئەزموونی بێهەژمار و پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و دەستوور گەلی كوردستان لەگەڵ بەغدادا گەییشتووەتە بنبەست و نائومێد بووە و بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكی ڕەوایە و لەگەڵ هیچ یەك لە پڕەنسیپە دیموكراتی و مرۆڤییەكانی سەردەم ناكۆك نییە و جەختیشی لە یەكلاییبوونی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ـی 9ـی 2017 كردەوە.
kdp-
Top