گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی: ئێمە بەشێک نین لەو کێشەیەی بەهۆیەوە نووسینگەمان لە تورکیا داخراوە
پاش ئەوەی تورکیا بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە بۆ هەرێمی کوردستان ناردەوە و نووسینگەی حزبەکەشی داخست. ئەمڕۆ 24/8/2017، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی ڕایگەیاند: ”ئەو کێشەیەی لە نێوان تورکیا و یەکێتیدا هەیە، بە دەرکردنی نوێنەری یەکێتی لە تورکیا چارەسەر نابێ، پێویستە زیاتر هەوڵ بدەین کە ئەو بابەتانە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکەین“.
بە گوتەی سەعدی پیرە، ”کێشەکە کێشەی یەکێتی نییە، بەڵکوو کێشەی هەندێک دەزگای تورکیا بووە“ و بەوە تۆمەتباری کردن کە ”دەیانەوێ لە ڕێی داخستنی نووسینگەی یەکێتییەوە، سەرنەکەوتنیان بشارنەوە“.
دووپاتیشی کردەوە کە ”دەبێ تورکیا کێشەکەیان لە ڕێگەی ئسوڵییەوە چارەسەر بکەن“ و ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کرد. گوتیشی: ”لە دانیشتنەکەی دوێنێمان لەگەڵ مەولوود چاویشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسمان لەو کێشەیە نەکردووە، بەڵکوو باسمان لە هۆکاری گەشتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و بابەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە“.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاندبوو کە داخستنی نووسینگەی یەکێتی لە ئەنقەرە پەیوەندی بە ڕفاندنی چەند هاووڵاتییەکی تورکیاوە هەیە کە پەکەکە لە سلێمانی ڕفاندوونی و بۆ قەندیلی گواستوونەتەوە.
پێشتر بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری نێردراوەی یەکێتی لە ئەنقەرە، دوای گەیشتنەوەی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند کە جموجۆڵی پەکەکە لە ناوچەکانی سنووری یەکێتیدا هەیە و داوای لە پەکەکە کرد: ”دۆخی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکات“.
باسنیوز
