لایەنگرانی بەرهەم ساڵح ئاماژە بە ماڵئاوایی کۆتایی سەرکردەکەیان لە یەکێتی دەکەن
بەپێی ئەو بانگەشانەی کە لایەنگرانی بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویان کردووەتەوە و ڕیکلامێکی زۆریشیان بۆی کردووە، ”کۆتا ماڵئاوایی دکتۆر بەرهەم لە یەکێتی نزیکە“.
لەمبارەیەوە دەلیل جەمال، ئەندامی مەکتەبی چاودێری و بەدواداچوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نزیک لە بەرھەم ساڵح ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا بەرهەم ساڵح زۆر پرۆژەی بۆ چاککردنی دۆخی ناوخۆی یەکێتی هەبووە. گوتیشی: ”ئێستا 34 ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، پڕۆژەیەکیان پێشکەش کردووە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکانی ناو یەکێتی، ئەوان داوایان کردووە کە گۆڕانکاریی جەوھەری بکرێت، یەکێک لە داواکانیان ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسییە، کاتی خۆشی ناوەندی بڕیاری یەکێتی لەسەر ئەم پرسانە ھەڵوێستی وەرگرت کە بەرهەم ساڵح یەکێک بوو لەوانەی لە ناوەندەکەدا بوو".
جەختیشی لەوە کردەوە، لە دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی، بەرهەم ساڵح بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا نەکردووە و ”داوای کردووە مەرجەعیەتی بڕیار بۆ یەکێتی بگەڕێتەوە و ئەو فرە گوتارییەی کە لەناو یەکێتیدا ھەیە، نەمێنێت و ناوەندی بڕیار بۆ یەکێتی دروست ببێت، بەڵام بەداخەوە ئەمانە نەکراون“.
لەبارەی ئەگەری دروستکردنی حزب و جیابوونەوە لە یەکێتی، کادیرەکەی نزیک لە بەرهەم ساڵح نایشارێتەوە: ”ھەموو ئەگەرەکان لەبەردەم دکتۆر بەرھەمدا کراون، ھەر کاتێک یەکێتی نەیتوانی ئەوە بکات کە داوای دەکات، ئەوە بەرهەم ساڵح ھەڵویستی دیکەی دەبێت کە ھیچ ئەگەرێک لەبەردەمیدا داخراو نییە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر چەندان ئاماژە بۆ ئەوە خراونەتە ڕوو کە بەرهەم ساڵح ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی حزبێک لە هەرێمی کوردستاندا دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ڕاگەیاندنکارانی پێشووتری نزیک لە خۆی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دابوو و باسیان لەوە کردبوو کە ”بۆ پڕۆژە گەورەکە“ کۆبوونەتەوە.
بەرهەم ساڵح کار بۆ دامەزراندنی حزبێک بە ناوی (هیوا) دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لایەنگرانی ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ناوی (هیوا) وێنەکانی بڵاو دەکەنەوە و کار بۆ دامەزراندنی ڕادیۆیەکیش لە گەرمیان بە ناوی (هیوا) دەکرێت.
باسنیوز
