ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم: دوای ڕیفراندۆمیش گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان بەردەوام دەبێت
محەمەد ئێلخانی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم گوتی: "لە کۆبوونەوەی دوێنێی شاندی باڵای ڕیفراندۆم و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بریار درا کە بۆ سەردانی وڵاتان شاندێک دروست بکرێت، هەرچەندە دەرفەت و کاتی زۆر لەبەردەست نەماوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم شاندانە دوای ڕیفراندۆمیش بەردەوامیان دەبێت و گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتان دریژەی دەبێت، چونکە قۆناغی دوای ڕیفراندۆمیش زۆر گرنگە، بەتایبەت دیاریکردنی ڕێکارەکانی سەربەخۆیی کوردستان و گفتوگۆ بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ لە ناوچەکە هەموو ئامادەکارییەکیش لەو بارەوە کراون".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم گوتیشی: "ئێمە بە دیار ئۆکەی هیچ وڵاتێکەوە دانانیشین، مافی گەلی خۆمانە و بڕیاری چارەنووسمان خۆمان دیاریی دەکەین، چونکە ئەگەر بمانەوێت سەربەخۆیی کوردستان وەک سفرەیەک لەبەردەممان ڕابخرێت، شتی وا نابێ و دەبێت ئەوە بڕیاری گەلی کوردستان بێت و کاتێکیش سەربەخۆییمان ڕاگەیاند، ئەوکاتە دەبینە ئەمری واقیع".
باسنیوز
