یەکێتی، پەکەکە بە هۆکاری داخستنی نوێنەرایەتییەکەی لە تورکیا دەزانێت

 یەکێتی، پەکەکە بە هۆکاری داخستنی نوێنەرایەتییەکەی لە تورکیا دەزانێت
نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنقەرە ئاشکرای کرد، بەهۆی ڕووداوێک کە لە ناوچەکەیان ڕووی داوە، نوێنەرایەتیی یەکێتی لە تورکیا داخراوە، بۆیە داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد، دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.



بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری نێردراوەی یەکێتی لە ئەنقەرە، لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە دوای ناردنەوەی لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامی دا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێی ڕاگەیاندراوە، بەهۆی ڕووداوێک کە لە ”ناوچەکانی سنووری یەکێتیدا ڕووی داوە“، تورکیا لە یەکێتی نیگەرانە و بەو هۆیەوە داوایان لێ کردووە لە ماوەی 3 ڕۆژدا نوێنەرایەتییەکە دابخەن.



ئەوەشی نەشاردەوە کە تورکیا لە سیاسەتی دامودەزگا ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی نیگەرانە.



بەهرۆز گەڵاڵی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێتی هەمیشە باجی سیاسەتەکانی خۆی داوە و ئاماژەی بە هاتوچۆکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و گوتی: ”هاتوچۆی پەکەکە کاریگەریی زۆری لەسەر پەیوەندیی یەکێتی و تورکیا کردووە، پێویستە هەندێک واقیعی بین و پەکەکەش بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکات“.



دوای داخستنی نوێنەرایەتیی یەکێتی لە تورکیا، کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/8/2017، بەهرۆز گەڵاڵی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان.



باسنیوز
Top