گۆڕان بە پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی بۆ گەڕانەوەیان و ئاساییکردنەوەی پەرلەمان ڕازی بوو
بەپێی زانیارییەكان لە سەرچاوەیەکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستی کەوتووە، بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری داوە، بۆ پەرلەمانی کوردستان بگەڕێتەوە.
ئەمەش دوای ئەو کۆبوونەوەیە دێت کە ڕۆژی دووشەممە 21/8/2017 لە نێوان گۆڕان و پارتی ئەنجام درا و تێیدا پارتی پاکێجێکی 6 خاڵی پێشکەش بە گۆڕان کرد. هەروەها دوێنێش مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و جەختی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کردەوە.
سەرچاوەکە ئەوەی نەشاردەوە کە گۆڕان بڕیاری داوە بە پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی ڕازی ببێت بە گەڕانەوەیان بۆ پەرلەمان و ئاساییکردنەوەی پەرلەمان، ”ئەمەش بەتایبەتی لەژێر مەرج و گوشارەکانی یەکێتیدا بووە“.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە لەنێو گۆڕاندا دوو بۆچوونی جیاواز دروست بووە، بۆچوونی یەکەم پێیان وایە کە تەنانەت ئەگەر یەکێتی فشار لەسەر گۆڕان دروست بکات، ئەوا نوێنەرانی بزووتنەوەکە بۆ پەرلەمان نەگەڕێنەوە. بەڵام بۆچوونی دووەم پێیان وایە، دوای ئەو لێدوان و هەڵوێستانەی لەلایەن (ئەمریکا، ئێران، تورکیا و عێراق)ەوە بەرامبەر بە ڕیفراندۆم ڕاگەیاندراون، هەروەها بڕیاری دوێنێی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کە جەختی لەوە کردەوە، ڕیفراندۆم دواناخرێ و لەکاتی خۆیدا دەکرێ، ”هەڵگرانی ئەو بۆچوونە لە سەرکردە و هەڵسووڕاوانی گۆڕان پێیان وایە، دوورکەوتنەوەی بزووتنەوەکە لەم کاتەدا ئینتیحاری سیاسییە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە 23/8/2017، فرانک بێیکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئەوەی بڵاو کردەوە کە کۆبوونەوەی لەگەڵ عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام داوە، لەبارەی گەڕانەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەکەشی بە ”بەرهەمدار“ وەسف کرد.
باسنیوز
