دیندار زێباری: UN رۆڵی هەبووە لە جێبەجێ نەكردنی مادەی 140
ئەمڕۆ چوارشەممە دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی ئازادی ئایینەكانەوە دایەوە.
زێباری لەبارەی ڕۆڵی نێودەوڵەتیانەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140، رەخنەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان گرت و گوتی "بە هاوكاری حكوومەتی بەغدا دەستی دەستی كردووە لە جێبەجێكردنی مادەی 140 و دواخستنی ئەو مەسەلەیە".
گوتیشی "زیاتر لە 20 بڕیار و مادەی دەستووری هەیە، كەچی نەتەوە یەكگرتووەكان وای كردووە رای بەغدا زاڵ بێت لە مەسەلەی جێبەجێ نەكردنی مادەی 140 و ناوچە كێشە لەسەرەكان".
زێباری گوتی "وەڵامی ئەو راپۆرتە گرنگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەدەینەوە كە تایبەتە بە ئازادی ئایینی لە جیهاندا، ئەم راپۆرتە لە كاتێكی گرنگدا دەرچووە كە ئێمە بەرەو پرۆسەی ریفراندۆم دەچین، ئێمە وەكو هەرێم بەشێكین لەو رووماڵەی كراوە، هەروەها بابەتێكی گرنگە بۆ ئێمە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە پابەندبوونی هەرێم لەسەر ئاستی ئازادی ئایینی و بۆ پێكهاتەكانی هەرێم و ئەو شوێنانەشی كە لەم دواییە رزگار كراون".
گوتیشی "جگە لە حكوومەتی هەرێم هیچ هەوڵێكی عێراقی نییە بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسی كوردانی ئێزیدی، حكوومەتی هەرێم سێ هەزار و 48 كوردی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگار كردووە، راستە سێ هەزار و 369 كەسی تر ماون، بەڵام ئەم پڕۆسەی رزگاركردنەی كوردە ئێزیدییەكان بە پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە، بۆیە حكوومەتی هەرێم باوەڕی بەوەش هەیە پێكهاتەكان بەشداربن لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی هەرێم و چەندین هێزی فەرمی بۆ كوردە ئێزیدییەكان و عەرەب و كاكەیی و شەبەك و ئەوانی دیكەش دامەزراون، بۆ كوردە ئێزیدییەكان چوار هەزار كەس دامەزراون، بۆ عەرەبەكانیش دوو هەزار و بۆ ئەوانی دیكەش لە ناوچەكانی خۆیان هێزی فەرمی پێكهێنراوە، بەمەش پێكهاتەكان یەكسانن لە بەڕێوەبردنی وڵات".
هەروەها گوتی "راپۆرتەكە بە گشتی پێشوازی لێ دەكەین، راپۆرتەكە لەسەر بنەما سەرەكییەكان لە هەرێمی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی مافە ئیتنی و ئایینیەكانی پێكهاتەكان بە گشتی ناویەتی رووماڵێكی باشی كردووە، ئەگەرچی رەخنە و تێبینیشیان هەبووە لەسەر هەرێمی كوردستان كە بۆ نموونە باس لە رێگری گەڕانەوەی رۆڵەی پێكهاتەكان بۆ ناوچەكانییان كە لە دەستی داعش رزگار كراون و هەروەها مافی خوێندن لە پێكهاتەكان و لەگەڵ ئەوەشدا گوایە زەویوزاری كریستییانەكان نەگەڕێنراونەتەوە بۆ خاوەكانیان".
زێباری هەروەها گوتی "ئێمە كاری جدی لەسەر ئەو مەسەلانە دەكەین، لەسەر بابەتی كریستیانەكان چەندین لێژنە دروست كراوە و كارمان بۆ كردووە و بەردەوام دەبین لەگەڵی، هەروەها سەرەدەری لە پڕۆسەی بەشداریكردنی پێكهاتەكان لە حوكمڕانی پێداچوونەوەی بۆ دەكەین و هەڵیدەسەنگێنین، هەروەها لە مەسەلەی پاككردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكان لە دەستی داعش بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان كار لەسەر ئەمەش دەكەین".
زێباری لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی گوت "راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات بە پێچەوانەی حكوومەتی ناوەندی دانپێدانانێكی زیاتر و باشتر هەیە بۆ مافی پێكهاتەكان و چەندین نوێنەرایەتیی و شوێنی بۆ پێكهاتەكان دامەزراندووە و ئەوان سەرپەرشتیی دەكەن لە رووی یاساییەشەوە هەرێمی كوردستان بە باشتر دەزانێت".
bas news-
