'بە هۆی سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمەوە بەغدا ناتوانێت ڕێگری لە ڕیفراندۆم بکات'
(عەبدولباست حەمۆ)، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ خەونی هەر کوردێک و هەرچوار پارچەی کوردستانە، کە دەبێ ئەم خەونە بێتە دی.''
ناوبراو دەشڵێت: ''وەک چۆن هەموو دوژمنەکانمان دەبنە یەکدەست و دەست لە کاروباری نێوخۆی کوردستان وەردەدەن، ئەرکی ئێمەیە لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە پشتگیری پرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێم بین، چونکە ئەمە مافی گەلی کوردستانە.''
لە ڕوانگەی ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە، (دکتۆر ڕزگار)، شارەزای بواری نەوت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێک، کە پێویستی بە بەغدا نەماوە، بەتایبەت، لە ڕووی ئابوورییەوە، چونکە حکوومەتی ھەرێم ئابووریی سەربەخۆی ڕاگەیاندووە و نەوتی خۆی بە سەربەخۆیی دەفرۆشێت و ئابوورییەکەی لە عێراق جیایە، هەربۆیە بەغدا ناتوانێت ڕێگری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم بکات و فشار لەسەر ھەرێمی کوردستان درووست بکات، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەموو کاروبارەکانی لە بەغدا جیایە.''
لەمەڕ ئەگەری گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گوتی: ''نەخشەی سایکس پیکۆ بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت و ئێستا دیزانێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادیە، بۆیە پشتگیریکردن لەم ڕیفراندۆمە ئەرکێکی ئەخلاقیی کوردانەیە، تاوەکو هەرێمی کوردستان ببێتە سەرقافڵەی ئەو گۆڕانکارییە.''
سەبارەت بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتانی چوار دەوریش، شارەزا ئابوورییەکە پێی وایە: ''وڵاتانی دراوسێ بە هۆی بوونی بەرژەوەندیی ئابووریی زۆریانەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ناتوانن دەروازەی سنوورەکانیان بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا دابخەن و، کارێکی وەها ناکەن، چونکە زیان بە ئابووریی خۆیان دەگەیەنن.''
kdp-
