ئیلخانی: هاتنی چاوشئۆغڵۆ پەیامێکە کە تورکیا پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا پتەوتر دەکات
(مەولوود چاوشئوغڵۆ)، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ سەردانی هەولیر کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە، (محەمەد ئیلخان)، سەرۆکی حزبی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەوەی تورکیا لەبارەی ڕیفراندۆمەوە باسی دەکات، زیاتر بۆچوونە، نەک ئەوەی ڕەنگ بداتەوە لەسەر پەیوەندییەکان، چونکە لە هەستیارترین کاتدا، کە نیزیکبوونەوەیە لە ڕیفراندۆم، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی کوردستان دەکات و تا ئێستاش بە کردەوە تورکیا کاردانەوەی نەبووە لە دژی ڕیفراندۆم، ئەوەی دەریبڕیووە نەرمترین هەڵوێست بووە، چونکە ناتوانێت لەوە زیاتر نەرم بێت، ئەوەش پەیوەندیی بە عورفی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتییەوە هەیە.''
سەرۆکی حزبی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان گوتیشی: ''دواقسەی تورکیا ئەوەیە کە یەکێتیی خاکی عێراق بپارێزێت، چونکە لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە نایەوێت لەگەڵ عێراقدا پەیوەندیی لەوە خراپتر بێت، ئەگەرنا پەیوەندیی تورکیا و کوردستان، زۆر لە پەیوەندیی عێراق و تورکیا بەهێزترە، لەئاستی بارزگانییشدا بە هەمان شێوە، بۆیە هاتنی (چاوشئۆغڵۆ) پەیامێکی گرنگە، کە تورکیا هیچ کات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوردستان تێک نادات، بگرە هاوکاریی زیاتر دەبێت.''
(محەمەد ئیلخان) ڕاشیگەیاند: ''لە گفتوگۆکانی وەزیری دەروەی تورکیا و بەرپرسانی باڵای کوردستاندا پرسی بازرگانی و پەیوەندیی دوو لایەنە و داهاتووی ناوچەکە باس دەکرێت.''
kdp-
