ئیلخانی: هاتنی چاوشئۆغڵۆ پەیامێکە کە تورکیا پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا پتەوتر دەکات

ئیلخانی: هاتنی چاوشئۆغڵۆ پەیامێکە کە تورکیا پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا پتەوتر دەکات
وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە؛ سەرۆکحزبێکی تورکمانیش دەڵێت، هاتنی (چاوش ئۆغلۆ) پەیامێکی گرینگە، کە تورکیا هیچ کات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوردستان تێک نادات، بگرە هاوکارییەکانی زیاتر دەبێ.

(مەولوود چاوشئوغڵۆ)، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ سەردانی هەولیر کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە، (محەمەد ئیلخان)، سەرۆکی حزبی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەوەی تورکیا لەبارەی ڕیفراندۆمەوە باسی دەکات، زیاتر بۆچوونە، نەک ئەوەی ڕەنگ بداتەوە لەسەر پەیوەندییەکان، چونکە لە هەستیارترین کاتدا، کە نیزیکبوونەوەیە لە ڕیفراندۆم، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی کوردستان دەکات و تا ئێستاش بە کردەوە تورکیا کاردانەوەی نەبووە لە دژی ڕیفراندۆم، ئەوەی دەریبڕیووە نەرمترین هەڵوێست بووە، چونکە ناتوانێت لەوە زیاتر نەرم بێت، ئەوەش پەیوەندیی بە عورفی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتییەوە هەیە.''

سەرۆکی حزبی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان گوتیشی: ''دواقسەی تورکیا ئەوەیە کە یەکێتیی خاکی عێراق بپارێزێت، چونکە لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە نایەوێت لەگەڵ عێراقدا پەیوەندیی لەوە خراپتر بێت، ئەگەرنا پەیوەندیی تورکیا و کوردستان، زۆر لە پەیوەندیی عێراق و تورکیا بەهێزترە، لەئاستی بارزگانییشدا بە هەمان شێوە، بۆیە هاتنی (چاوشئۆغڵۆ) پەیامێکی گرنگە، کە تورکیا هیچ کات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوردستان تێک نادات، بگرە هاوکاریی زیاتر دەبێت.''

(محەمەد ئیلخان) ڕاشیگەیاند: ''لە گفتوگۆکانی وەزیری دەروەی تورکیا و بەرپرسانی باڵای کوردستاندا پرسی بازرگانی و پەیوەندیی دوو لایەنە و داهاتووی ناوچەکە باس دەکرێت.''
kdp-
Top