عەبدوڵڵا وەرتی: هیچ وڵاتێک دژایەتیی ڕیفراندۆمی نەکردووە؛ هەرێم پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەیشدا حەوت بڕیار دەرکران.
(د. عەبدوڵڵا وەرتی)، ئەندامی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم و نوێنەری بزووتنەوەی ئیسلامی لەو لیژنەیەدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم زۆر باش بوو و تێیدا بڕیار درا، شاندی دیکە سەردانی وڵاتانی دەرەوە بکەن، بەڵام تا ئێستا شاندەکە دیاری نەکراوە، سەرەتا سەردانی چ وڵاتێک بکەن.''
(د.عەبدوڵڵا وەرتی) گوتی: ''لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار درا گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام بن و بڕیارە ئەمجارە شاندی بەغدا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و جەختیش لەسەر ئەوە کراوە، بەغدا ھەر چی داواکاریی ھەبێت، ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا.''
(وەرتی) ڕاشیگەیاند: '' داوکاریی ئەمەریکا ئەوەیە، کە پرۆسەی ڕیفراندۆم کاریگەریی لە سەر شەڕی داعش نەبێت و ھەرێمی کوردستانیش ئەمەریکای دڵنیا کردووەتەوە، کە ئەو پرۆسەیە ھیچ کاریگەری نابێت.''
سەبارەت بەوەی ھەندێک دەنگۆ ھەیە کە ئەمەریکا دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکات، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم گوتی: ''نەک ئەمەریکا، ھیچ وڵاتێک تاوەکو ئێستا دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆمی نەکردووە.''
بڕیارە پرسەی ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.
kdp-
