ئەبوبەکر کاروانی: ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی ریفراندۆم دەکەن
ئەبوبەکر کاروانی، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "سەرکردایەتیی سیاسی کورد، قبوڵی ناکەن پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دوابخرێت، بۆیە ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت".
ئەو چاودێرە سیاسییە، ئەوەشی روون کردەوە: "ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دژایەتی ڕیفراندۆم ناکەن، بەڵکو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری دەکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە بتوانین نێو ماڵی کورد ڕێک بخەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو پرسە نیشتمانیە ئەنجام بدەین.
ئاماژەی بەوەش دا کە ئەگەر لە ھەرحاڵەتێکدا ریفراندۆم دوابخرێت، ھیچ گەرەنتییەک نییە، بۆ ئەوەی ئێمە جارێکی دیکە بتوانین ڕیفراندۆم بکەین، چونکە ئێستا بارودۆخەکە لەبارە و دۆخەکانی داھاتوو بەدەستی ئێمەوە نییە، بۆیە باشتروایە ئەو پڕۆسەیە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، ئەوەشی خستە روو: "دیدگای بارزانی بۆ پرسی ڕیفراندۆم ڕوون و ئاشکرایە، بەجۆرێک لە جۆرەکان ھەمیشە جەخت لە بەڕێوەچوونی ئەو پرسە نیشتمانییە دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بارزانی بزانێ ھیچ گەرەنتیەک نییە بۆئەوەی لە دوایدا ڕیفراندۆم بکرێت، بێگومان ڕازی نابێ پرسی ڕیفراندۆم دوابخرێت".
ئەبوبەکرد کاروانی، گوتیشی: "پێویستە ھاونیشتمانیان ئەم ھەلە بە دەرفەتێکی گرنگ بزانن، بۆئەوەی گوزارشت لە ئیرادەیەکی نیشتمانی و خواستی سەد ساڵەی خۆیان لە پێناو دروستکردن و بیناکردنی یەکەمین کۆماری کوردستان لە کوردستانی باشووری، بکەن".
باسنیوز
