سکرتێری حزبی شیوعی بە جیا لەگەڵ پارتی و گۆڕان کۆبوەتەوە
سوبحی مەھدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان، رایگەیاند: "ئەگەر ھاتوو کۆبوونەوەی داھاتووی گۆڕان و پارتی ئیجابی بوو، ئەوە پەرلەمان کارادەبێتەوە، ھەموو ھەوڵەکانیش بۆ ئەوەیە پەرلەمان کاراببێتەوە، ھاوکات پارتی و گۆڕان بگەنە رێککەوتن".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی، ئەوەشی روون کردەوە: "د.کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، بەجیاواز لەگەڵ پارتی و گۆڕان کۆبوەتەوە بۆ ئەوەی ھەردوولا نەرمی زیاتر بۆ بنوێنن و گرفتەکان چارەسەر بکرێن".
ئاشکراشی کرد: "رەنگە ھەوڵەکانیش لەئاستی حزبی فراوانتر بکرێت بۆ حزبەکانی دیکە تا پارتی و گۆڕان رێککەون، چونکە ھەموو لایەک چاوەڕوانی کۆبوونەوەی داھاتوو دەکەن".
رۆژی 21/8/2017 شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پێشوازییان لێکرا.
باسنیوز
