ژنێکی رۆژھەڵاتی کوردستان کارگەیەکی دەستچنین دەکاتەوە
شەوبۆ مستەفەوی، خاتوونێکی 49 ساڵەی شاری سنەیە، کە لە کارگەکەیدا ئەو ژنانەی لە ھاوسەرەکانیان جیا بوونەتەوە و خەرجی ماڵیان لە ئەستۆیە، فێری دروینی پۆشاکی کوردی و چنینی مافوور و بەڕی کوردی دەکات، تا بتوانن بۆ خۆیان ببنە خاوەن پیشە.
شەوبۆ، لە بارەی خۆی و کارگەکەی رای گەیاند: "خەمی سەرەکی من لە ژیاندا پاراستنی کولتووری کوردی و دەستچنە کوردییەکان بوو، بۆیە پێم خۆشبوو سەرجەم ئەو کەلوپەل و دەستچنانەی سەردەمێک دایک و داپیرەکانمان دروستیان دەکرد، سەرلە نوێ زیندووی بکەمەوە و رەوانەی بازاڕەکانی کوردستانیان بکەم".
ئەو ئافرەتە، ئەوەشی خستە روو: "لە لایەکی دیکەشەوە لە شاری سنە و دەورووبەری زۆر ئافرەت ھەن کە لە ھاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە یان ھاوسەرەکانیان بە ھۆی نەخۆشییەوە ناتوانن کار بکەن، بۆیە ئەو ئافرەتانە لە دەوری خۆم کۆ دەکەمەوە و فێری چنین و رستنیان دەکەم، پاشان بەرھەمەکانیان لە بازاڕەکان ساخ دەکەمەوە".
لەئێستا 30 ژن خەریکی چنینی کڵاش و مافوور و دوورینی پۆشاکی کوردین و لەو رێیەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، شەوبۆ، ئاشکراشی کرد: "بە نیازە لە داھاتوودا بەشێک لە دەستچنەکانی لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان و تارانی پایتەختی ئێران نمایش بکات".
باسنیوز
