پەرلەمانتارێکی پێشووی کۆمەڵ: جیابوونەوەی نەھزەکان زیان بە کۆمەڵی ئیسلامی دەگەیەنێت

 پەرلەمانتارێکی پێشووی کۆمەڵ: جیابوونەوەی نەھزەکان زیان بە کۆمەڵی ئیسلامی دەگەیەنێت
کوڕی پێشەوای کۆچکردووی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە جیابوونەوەی باڵی نەهزە لە کۆمەڵ، زیان بەو حزبە دەگەیەنێت.



بەپێی زانیارییەکان، ئارام قادر، سەرکردەی پێشووی ئەو حزبە کۆمەڵێک ئەندام و سەرکردەی کۆمەڵی کۆ کردووەتەوە و بڕیارە ”لە ئایندەیەکی نزیکدا“ جیابوونەوەی یەکجاریی خۆیان لە کۆمەڵی ئیسلامی، رابگەیەنن.



سەباح بەرزنجی، کوڕی محەمەد بەرزنجی، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵ و پێشەوای کۆچکردووی کۆمەڵی ئیسلامی، بە (باسنیوز)ی، ڕاگەیاند، جیابوونەوەی باڵی نەھزەکانی ناو کۆمەڵی زیان بەو حزبە دەگەیەنێت، ”چونکە سروشتی حزب وایە کاتێک جیابوونەوە ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ ئەو حیزبە تووشی زەرەو زیانێکی گەورە دەبێتەوە“.



سەباح بەرزنجی هەروەها رایگەیاند، کە لەو کاتەی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی دیکە لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووەوە، داوای لە سەرکردەکانی نزیک لە خۆی کرد چیتر ”کەس باسی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی و نەهزە نەکات“.




دوای یەکگرتنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی و دروستکردنی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی، عەلی باپیر لەو حزبە نوێیە جیابووەوە و لە مانگی 5ـی 2001 کۆمەڵی ئیسلامی دامەزراند.






باسنيوز
Top