مامۆستایەکی زانکۆ: قسەکانی مەسروور بارزانی پەیامێکی ڕوونە بۆ داھاتووی کوردستان

 مامۆستایەکی زانکۆ: قسەکانی مەسروور بارزانی پەیامێکی ڕوونە بۆ داھاتووی کوردستان
مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بە قسەکانی مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و ڕای دەگەیەنێت، ئەو قسانە پەیامێکی ڕوونە بۆ داهاتووی کوردستان.



بورھان حەمەعەلی، مامۆستای زانکۆ لە فەڕەنسا ڕای گەیاند: دوو رەھەند لە قسەکانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی ھەبوو کە لە هەفتەنامەی (باس)دا بڵاو کراوەتەوە، یەکەمیان ئەوەی پەیوەندی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەبوو، بە ڕاشکاوانە باسی ئەوەی کردووە کە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەبێت ڕێزی لێ بیگرێت“.



ڕوونیشی کردەوە، ڕەھەندی پشت قسەکانی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێبینی لەسەر کاتی ڕیفراندۆم ھەبێت، ئەوە ڕووبەڕووی لایەنە سیاسییەکانی دەکەنەوە، بەڵام ”لەبەر ئەوەی پرسی ڕیفراندۆم لەناو خەڵکدایە، ئاستەمە بتوانرێت لەم کاتەدا خەڵک ڕازی بکرێت بۆ دواخستنی ریفراندۆم یان ئەنجام نەدانی".



باسیشی لەوە کرد کە پێشتر لە پانێڵەکەیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، قسەکانی مەسرور بارزانی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر کوردانی ئەورووپا و ئەمریکا هەبووە. گوتیشی: مەسرور بارزانی باسی لەوە کردووە کە ”عێراق لەسەر بنەمایەکی ھەڵە و دوور لە خواست و ویستی خەڵکی کوردستان دروست کراوە، بەزۆر لکاندنی نەتەوە و وڵاتەکان پێکەوە، تەنیا کێشە و شەڕ و ناخۆشی بەرھەم دێنێت“، ئەمەش واتە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ھیچ ئومێدێکیان بە بەغداوە نەماوە“.



مامۆستاکەی زانکۆ دووپاتی کردەوە: ”ئەمە ڕاشکاوانەترین پەیامە کە بەغدا دەبێت لەوە بگات کە پێکھاتەکانی عێراق بەزۆر لکێنراون بەیەکەوە، ئەوەشی مەسرور بارزانی باسی کردووە، ھەمان ئەو ویستەیە کە خەڵکی کوردستان داوای دەکەن“.





باسنیوز
Top