ئەردۆغان بانگهێشتنامەیەک بۆ عەبادی دەنێرێت

 ئەردۆغان بانگهێشتنامەیەک بۆ عەبادی دەنێرێت
سەرۆک کۆماری تورکیا بانگهێشتنامەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەنێرێت و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیامەکە دەگەیەنێت.



رۆژی چوارشەممە 23/8/2017، مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ بووەوە.



لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا، ئیبراهیم جەعفەر سەرەتا داوای لە رۆژنامەنووسان کرد، کە ”پرسیاری بێ مانا“ نەکەن و رایگەیاند، ئاستی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا لە 18 ملیار دۆلاری ساڵانەوە بۆ 12 ملیار دۆلار دابەزیوە و ئەمەش ”نیگەرانمان دەکات“.



هەروەها مەولود چاویشئۆغڵو لە پرێس کۆنفراندەکەدا رایگەیاند، کە دڵخۆشە بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا، کە بە ”شارێکی تورکمانی“ ناوی برد و بە پێویستیشی زانی هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بدرێت.



مەولود چاویشئۆغڵو ئاشکرای کرد، کە لەو سەردانەیدا، بانگهێشتنامەیەکی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای بۆ حەیدەر عەبادی هێناوە.



وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کە پیویستە هەردوو وڵات ”بە یەکگرتوویی“ رووبەڕووی رێکخراوە چەکدارییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و داعش ببنەوە.




باسنیوز
Top