سەرکردەیەکی تورکمانی: پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بەهێزتر دەبێت
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکری کردووە، مەولوود چاوش ئوغڵوو، سبەینێ سەردانی بەغدا و هەوڵیر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆ دەبێتەوە.
محەمەد ئێلخانی، سەرۆکی حزبی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان گوتی: ئەوەی تورکیا لەبارەی ڕیفراندۆمەوە باسی دەکات زیاتر بۆچوونە، نەک ئەوەی رەنگ بداتەوە لەسەر پەیوەندییەکان، چونکە لە هەستیارترین کاتدا کە نزیکبوونەوەیە لە ڕیفراندۆم وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی کوردستان دەکات و تا ئێستاش بە کردار تورکیا کاردانەوەی لەدژی ڕیفراندۆم نەبووە و ئەوەی دەریبڕیووە نەرمترین هەڵوێست بووە، چونکە ناتوانێت لەوە زیاتر نەم بێت و ئەوەش پەیوەندیی بە عورفی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتییەوە هەیە".
سەرۆکی حزبی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان گوتیشی: "دوا قسەی تورکیا ئەوەیە کە یەکێتیی خاکی عێراق بپارێزێت، چونکە لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە نایەوێت لەگەڵ عێراقدا پەیوەندی لەوە خراپتر بێت، ئەگەر نا پەیوەندیدکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان زۆر لە عێراق و تورکیا بەهێزترە و لە ئاستی بارزگانیشدا بەهەمان شێوە، بۆیە هاتنی چاوش ئۆغڵوو پەیامێکی گرنگە کە تورکیا هیچکات پەیوەندیی لەگەڵ کوردستان تێک نادات و بگرە هاوکارییەکانی زیاتر دەبێت، چونکە لە بوار وزەدا ڕێککەوتنی 50 ساڵییان کردووە".
لە کۆتاییدا ڕاشی گەیاند: لە گفتووگۆکانی وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پرسی بازرگانی و پەیوەندیی دوولایەنە و داهاتووی ناوچەکە باس دەکرێت.
باسنیوز
