نەجمەدین کەریم: بە بڕیاری دادگای کارگێڕی عێراق ئاڵای کوردستان داناگرین

 نەجمەدین کەریم: بە بڕیاری دادگای کارگێڕی عێراق ئاڵای کوردستان داناگرین
پارێزگاری کەرکووک و فراکسیۆنی برایەتی بڕیاری دادگای کارگێڕی عێراق رەتدەکەنەوە و سوورن لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگاکە.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، بڕیاری دادگای کارگێڕی عێراق بۆ داگرتنی ئاڵای کوردستان هیچ کاریگەری نابێ و کاری پێناکەن. دەشڵێت "تەنیا لە حاڵەتێکدا ئاڵای کوردستان دادەگیرێت، ئەگەر رەنگی کاڵبووبێتەوە و بگۆڕدرێ بە ئاڵایەکی تازە".

فراکسیۆنی برایەتی کە خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی تانە له بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی دەدات، لە ئەگەری پشتگوێخستنی، ئەو فراکسیۆنەش کە زۆرینەی کوردە، بڕیاری دادگاکە پشتگوێدەخات.

ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی بە (رووداو)ی گوت "ئەو بڕیارەی دادگا دژی خەڵکی کەرکووکە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئاژاوەی لێ دروست دەبێت، لەبەرئەوە دەکرێ لەگەڵ هەندێک رێککەوتنی سیاسی ئەو پرسانە کۆتاییان پێبهێنرێت، بەڵام ئێمە بڕیاری خۆمان داوە و لێی پاشگەز نابینەوە".

پێنج ئەندامی فراکسیۆنی تورکمانی کە دژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان سکاڵایان تۆمار کردبوو، هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پابەندی بڕیارەکە نەبن، رێگەی دیکە دەگرنەبەر.

تەحسین کەهییە، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی بۆ رووداو گوتی "بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی بەتەواوی یاساییه، ئێمە دەخوازین حکومەتی خۆجێی کەرکووک پابەندی بێت و جێبەجێی بکات، تازە بڕیارەکەی ئەنجوومەن هاڵوەشاوەتەوە، ئەگەرنا ناچارین پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببەین".

رۆژی 28-3-2017 بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگاکە درا، جگە لە بەغدا وڵاتانی دراوسێش بە تووندی دژی ئەو بڕیارە هاتنە سەرخەت.







رووداو
Top