وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا
سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 23/8/2017، مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و جاویڕێ دەکرێ لەگەڵ فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆمار، حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق کۆ ببێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، مەولود چاویشئۆغڵو دوای بەغدا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵا کۆ دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، مەولود چاویشئۆغڵو تەوەرەکانی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تاوتوێ بکەن.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
