چاودێرێکى سیاسى: عێراقى یەکگرتوو کۆتایى پێ هاتووە.. کوردستان دەرفەتی بۆ هاتۆتە پێش

چاودێرێکى سیاسى: عێراقى یەکگرتوو کۆتایى پێ هاتووە.. کوردستان دەرفەتی بۆ هاتۆتە پێش
چاودێرێکی سیاسی پێی وایە عێراقی یەکگرتوو کۆتایی پێهاتووە و دەشڵێت دەبێت بەغدا ئەو راستییە قبوڵ بکات و ددان بە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا بنێت.

(هاوژین ئەحمەد) چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستان گوتی، "چوونى شاندى باڵاى ریفراندۆم بۆ بەغدا، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە هەرێمى کوردستان نیازى ئاشتیانەى هەیە و دەیەوێت ئەوە بە بەغدا بڵێت، کە چیتر عێراقێکى یەکگرتوو بوونی نەماوە و کورد بە ڕەوا و مافى خۆى دەزانێت، کە داواى سەربەخۆیى بکات و پێویستە بەغداش ئەو راستیە قبوڵ بکات، کە عێراقێکى یەکگرتوو کۆتایى پێ هاتووە".

چوونی شاندى هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە مەبستی زەمینە سازییە بۆ پرۆسەى ریفراندۆم، ناوبراو گوتیشی، "سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەى دووپات کردەوە کە لە پرۆسەى ریفراندۆم پاشەکشە ناکەن و راپرسى بۆ سەربەخۆیى کوردستان دەکەن، ئەو شاندەش هەر بۆ ئەو مەبستە چوون، نەک سازش کردن لە سەر پرۆسەکە".

شاندى کورستان تەنیا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوەیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو سەردانى باڵوێزخانەکانى وڵاتانى تریشى کردووە، بە مەبستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ریفراندۆم، کە ئەمەش لە مێژووی کوردستاندا یەکەم جارە بابەتێکی وەها روو بدات، هەربۆیەشە (هاوژین) گوتی، "گەلى کورد ئەمە یەکەم جاره ئەم دەرفەتەى بۆ هاتۆتە پێش، بۆ ئەوەى بڕیار لە چارەنووسى خۆى بدات و کۆتایى بەو هەموو زوڵم و ستەمانە بێنێت، کە بەرامبەر کورد کراوە، نابێ لە بەرامبەر هیچ هەڕەشە و فشارێک دەستبەردارى ئەو پرۆسەیه ببین و پێکەوە لە 25-9 ئەم پرۆسەیە بە دەنگى بەڵێ سەربخەین".

جێگاى ئاماژە بۆ کردنە ماوەى چەند ڕۆژێک شاندى دانوستانى باڵاى ڕیفراندۆم لە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا نزیکەى 45 کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و کۆنسووڵ و باڵیۆزى وڵاتان لە عێراق، لە بارەى ئەنجامدانى ریفراندۆمى کوردستان ئەنجام داوە، کە بڕیاره لە 25 ئەیلوولى ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
kdp-
Top