عەبدولڕەحمان مستەفا: ئەنجامی ڕیفراندۆم دەبێتە چەك و بەڵگەیەكی بەهێز بۆ سەربەخۆیی
(عەبدولڕەحمان مستەفا)، پارێزگاری پێشووی كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''لەم بارودۆخەدا زۆر پێویستە لە كاتی خۆیدا ڕیفراندۆم بکرێت، چونكە دەرفەتێكی زۆر باشە، كە ئیتر كوردستانیش ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر و سەربەخۆ بێت و دەوڵەتی خۆی دیاری بكات.''
پارێزگاری پێشووی کەرکووک مانەوە لەگەڵ عێراق بە كارێكی ئەستەم ناو دەبات و دەڵێت: ''پێویستە لە كاتی خۆیدا ڕیفراندۆم بکرێت و گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات، نابێ بە هیچ شێوەیەك ڕیفراندۆم دوا بخرێت.''
(عەبدولڕەحمان مستەفا) ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە کارێکی دەستووری ناو دەبات و دەشڵێت: ''هیچ كاتێك ڕیفراندۆم پێشێلكاریی دەستووری هەمیشەیی عێراق نییە، لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆم ڕاپرسییەكە و تێیدا ڕای خەڵك وەردەگیرێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ناوچەكەیان، ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی ئەوپەڕ یاسایی و دیموكراسییە، خەڵك بە ئاسایی و یاسایی دەنگی خۆی دەدات و هیچ یاسایەك نییە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بێت، هەموو نەتەوەیەك مافی ئەوەی هەیە ببێتە دەوڵەت.''
پارێزگارەکەی پێشووی شاری کەرکووک ئاماژە بە برگەی سێیەمی ماددەی ١٤٠ دەکات و دەڵێت: ''زۆر بەئاشكرا لەو بڕگەیەی ماددەی ١٤٠دا باسی ڕیفراندۆم لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە كراوە، ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانیش ڕێگەی داوە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و یەكێكە لە هەنگاوە هەرەگرینگەكانی چەسپاندنی دیموكراتی.''
دەشڵێ، ''ئەوەی كێشەی بۆ كەركووك دروست كردووە، ماددەی ٣٧ی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقە، كە كەركووكی جیا كردووەتەوە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق.''
چاودێرانی سیاسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركووك بە پێویست دەزانن، هەروەک پارێزگاری پێشووی کەرکووکیش جەختی لێ دەکاتەوە و بەپێویستی دەزانێ کە كورد هەموو تواناكانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا هیچ تایبەتمەندییەك بە كەركووك نەدرێت و، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق بكرێت.
روونیشی دەکاتەوە کە خەڵكی كەركووك لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا نەکردووە و زیانی زۆر بەر پارێزگاكە كەوتووە، ئەوەش كاریگەرییەكی زۆر سلبیی هەبووە لەسەر سەرجەم هاووڵاتیانی سنووری كەركووك، بۆ ئەوەی ئەو مافە دیموكراتییە لە خەڵك نەسەندرێتەوە، پارێزگای كەركووك وەكو پارێزگاكانی دیكە دەسەڵاتی هەبێت و بتوانێت بە باشی كارەكانی بەڕێوە ببات، پێویستە لە كەركووكیش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
kdp-
