عەلی عەونی: پەکەکە مافی ئەوەی نییە دەست لە کاروباری باشووری کوردستان وەربدات

عەلی عەونی: پەکەکە مافی ئەوەی نییە دەست لە کاروباری باشووری کوردستان وەربدات
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی لێدوانی سەرکردەیەکی پەکەکەوە، کە باس لەوە دەکات ڕیفراندۆم بۆ پڕوپاگەندەیە، دەڵێ، پەکەکە ئەگەر دەزانێت ڕیفراندۆم بۆ پڕوپاگەندەیە بۆ ھێندە قسەی لەسەر دەکات، بەڵام ھەرچۆنێک بێت مافی ئەوەیان نییە دەست لە کاروباری باشووری کوردستان وەربدەن.

لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیی تایبەت لەگەڵ میدیای پەکەکەدا لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمەوە (دوران کاڵکان)، ئەندامی کۆنسەی کەجەکەی سەر بە پەکەکە باسی لەوە کردووە: ''ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان وەک پڕوپاگەندەیەکە و ھەندێک لایەن کەوتنە ژێر کاریگەرییەوە، لە وەڵامدا (عەلی عەونی )، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەگەر پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ پڕوپاگەندەیە ھۆکاری چییە پەکەکە ھێندە قسەی لەسەر دەکات و چونکە ئەگەر پڕوپاگەندە بێت زۆر نرخی پێ نادەن و گرینگیی بۆ ئەوان نابێت، دووەمیش ئەوان مەرجعی ئێمە نین، تاوەکو پرسیان پێ بکەین و مافیان نییە باسی لێوە بکەن.''

(عەلی عەونی) گوتیشی: ''حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و ئەو پرسە بە خەڵکی خۆمان بکەین، چونکە ئێمە دەمانەوێت پرس بە میللەتی خۆمان بکەین و پێویست ناکات پرس بە کەسێکی دیکە بکەین، بۆیە مافی ئەوان نییە دەست لە کاروباری باشووری کوردستان وەردەن.''

(عەونی ) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەوان بەو ھەنگاوەی باشووری کوردستان ناڕحەت بوونە، ئەگەر ڕاست دەکەن پڕوپاگەندەیە، ئەو ھەمو وڵاتە باسی لێ ناکەن و ناھێنە سەر خەت، بۆیە ئەوان گەر ڕاست دەکەن با خۆیان ناڕەحەت نەکەن و پاڵ بدەنەوە و ھەر باسیشی لێوە نەکەن.''
kdp-
Top