راڵف ئه‌براهام سیناتۆری ئه‌مەریكا: راستییه‌كانی كوردستان دەگەیەنمە به‌رزترین ئاستی سیاسی له ئه‌مریكادا
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 22ی 8ی 2017 (مەسعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له (راڵف ئه‌براهام) سێناتۆری كۆماریخوازی ئه‌مریكایی كرد.
له‌م دیداره‌دا سیناتۆر (راڵف ئه‌براهام) سه‌رسامی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشكه‌وتن و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه نیشاندا، كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان به ماوه‌یه‌كی كه‌م رێگه‌یه‌كی زۆری بڕیووه. هه‌روه‌ها پێزانینی بۆ قوربانیدان و قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه له‌شه‌ڕی تیرۆریستان‌دا هه‌بوو، كه جێگه‌ی شانازییه سه‌ربازانی ئه‌مریكا شانبه‌شانی پێشمه‌رگه شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كه‌ن و رایگه‌یاند، گه‌لی ئه‌مریكا زۆر به باشی له خه‌بات و داواكانی گه‌لی كوردستان تێده‌گات و پاڵپشتی ده‌كات، هه‌روه‌ها دووپاتی له به‌رده‌وامبوونی پشتیوانی گه‌لی ئه‌مریكا بۆ گه‌لی كوردستان كرده‌وه. چونكه كوردستان ئه‌و ناوچه ئارام و سه‌قامگیرییه، كه بۆته سه‌نگه‌رێكی تۆكمه‌ی ئه‌مریكا و جیهان له‌شه‌ڕی تیرۆریستان‌دا و بهڵێنیدا، كه راستییه‌كانی كوردستان وه‌ك خۆی بگه‌یێنێته به‌رزترین ئاستی سیاسی له ئه‌مریكادا.
له‌به‌رامبه‌ردا (سه‌رۆك بارزانی) سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئه‌مریكای كرد كه له كاتی ته‌نگانه و په‌لاماری تیرۆریستانی داعش یارمه‌تی و هاوكاری كوردستانی داوه و خۆشحاڵی خۆشی به بوونی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمانی جیهانی ده‌ربڕی. هه‌ر له وته‌كانیدا (سه‌رۆك بارزانی) رۆشنیایی خسته سه‌ر شه‌ڕی تیرۆر و رایگه‌یاند، پێشمه‌رگه به‌خوێنی خۆی بوو به سمبوڵی تێكشكاندنی ئه‌فسانه‌ی داعش، هه‌روه‌ها باسی له مێژوویی هاوبه‌شی گه‌لی كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه گه‌لی كوردستان دوای قوربانیدانێكی بێ‌سنوور و تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین ئه‌زموونی تاڵ و پڕ له‌نه‌هامه‌تی له مانه‌وه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته نا‌ئومێد بووه، بۆیه بڕیاری داوه مافی سرووشتی خۆی پیاده بكات و له‌و مافه‌ش پاشه‌كشه ناكات، مه‌گه‌ر گه‌ره‌نتییه‌كی گه‌وره‌تر له ریفراندۆم بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی هه‌بێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه له‌مێژووی سیاسی نوێ‌دا هیچ یه‌كگرتنێكی به‌زۆر تا كۆتایی سه‌ری نه‌گرتووه.
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕابوون، كه له‌گه‌ڵ كۆنگرێسی ئه‌مریكادا له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام بن و سوپاسی سه‌ردانی راڵف ئهبراهامیشی بۆ كوردستان كرد بۆئه‌وه‌ی راستییه‌كان وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نێ.
kdp-
