بریکاری وەزارەتی ناوخۆ: فەرھاد سەنگاوی دەزانێ کێ ڕفاندوویەتی و سکاڵا تۆمار ناکا

 بریکاری وەزارەتی ناوخۆ: فەرھاد سەنگاوی دەزانێ کێ ڕفاندوویەتی و سکاڵا تۆمار ناکا
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، فەرھاد سەنگاوی، ئەندامی گرووپی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەزانێت کێ ڕفاندوویەتی و خۆی سکاڵا تۆمار ناکات.

جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ دۆسیەی ڕفاندنی فەرھاد سەنگاوی، ئەندامی گرووپی (نەخێر) نەکردووە، چونکە ھیچ سکاڵایەکی تۆمار نەکردووە، ھەرچەندە ئەو بابەتە ڕفاندن نییە، وەک خۆی لە تیڤییەکاندا باسی دەکات، کێشەی لەگەڵ یەکێتی هەیە".

بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "فەرھاد سەنگاوی خۆی دەزانێت کێ ڕفاندوویەتی، بۆ ڕفێنراوە و ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە چیان لێ ویستووە، بۆیە کاتێک سکاڵا تۆمار بکات، دادگاش ھەر بڕیارێک دەر بکات، ئەوا وەزارەتی ناوخۆ دەزگا ئەمنییەکانی خۆی ئاگادار دەکاتەوە، ئەوانەی بەرپرس بن لەو کارە دەستگیری دەکەن".

ڕۆژی یەکشەممە 20/8/2017، فەرھاد سەنگاوی، ئەندامی گرووپی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردەوە کە گوایە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕفێنراوە و دواتر ئازاد کراوە.









باسنيوز
Top