سەعدی پیرە: ڕیفراندۆم باشترین دەروازەی یاساییە بۆ دەستەبەرکردنی مافی چارەنووس
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی شاندی باڵاێ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ بەغدا، لە پرێنس كۆنفرانسێكدا، ڕای گەیاند: "لە هیچ یەكێك لە كۆبوونەوەكانی نێوان لایەنە عێراقییەكان و شاندی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا باسی پارە و پۆست نەكراوە، جگە لە باسكردنی پرەنسیپە سەرەكییەكانی شەراكەت، فیدراڵی و پەرلەمان، هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و ئاسایشی هاووڵاتییانەوە هەیە، بۆیە بە توندی ئەو دەنگۆیانە باسی ڕێككەوتن دەكەن، ڕەتی دەكەینەوە".
ئەندامەكەی شاندی باڵای ڕیفراندۆم، ڕوونیشی كردەوە: "كە هیچ شتێك لە بارودۆخی هەرێمی كوردستاندا نەگۆڕاوە و دەشڵێت "هیچ بەدیلێكمان بۆ بابەتی ڕیفراندۆم وەك دەروازەی یاسایی بەرەو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی نییە".
سەعدی پیرە لە درێژەشدا دەشڵێت: "بە لایەنە عێراقییەكانمان گوت گەر نەتوانین لە چوارچێوەیەكی وڵاتێكدا پێكەوە بژین، ئەوا ماڵی خۆمان ساز دەكەین".
گوتەبێژەكەی یەكێتی ئاشكراشی كرد: "سبەی چوارشەممە 22/8/2017 ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەو بەبەتانە دەدات، كە شاندی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە بەغدا هێناوییەتییەوە".
باسنيوز
