نوێنەری پارتی لە ڕووسیا: ڕووسیا هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لەسەر ڕیفراندۆم نییە

 نوێنەری پارتی لە ڕووسیا: ڕووسیا هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لەسەر ڕیفراندۆم نییە
نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووسیا وەڵامی سەرجەم ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە گوایە حکوومەتی ڕووسیا بە فەرمی دژایەتی ڕیفراندۆمی کردووە.

دەنگۆیەک لە میدیا عێراقییەکان بڵاو بووەتەوە کە گوایە حکوومەتی ڕووسیا بە فەرمی دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە و هاوکات حه‌یده‌ر مه‌نسوور هادی نوێنەری حکوومەتی عێراقە لە ڕووسیا ده‌ڵێت: ڕووسیاش قبووڵی ریفراندۆم ناکات.

لەمبارەوە خۆشەوی مەلا ئیبراهیم، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووسیا گوتی: "بە هیچ شێوەیەک حکومەتی ڕووسیا لێدوانی فەرمی، یان هەڵوێستی فەرمی لەسەر ڕیفراندۆم نەبووە کە گوایە داوای دواخستن بکات یان دژی بەوەستێتەوە و هەڵوێستی ڕووسیا زۆر باشە، ئەگەر ڕووسیا نیگەران بوایە بە ڕیفراندۆم نەدەهات واژۆی ڕێککەوتنی نەوتی لە نێوان کوردستان و کۆمپانیای ڕۆس نەفت بکات و هەرچی دەنگۆیە لەبارەی دژایەتی ڕووسیا بۆ ئەو پرسە هەڵەیە و هیچ بنەمایەکیان نییە و لەسەر ئاستی خەڵکی ڕووسیاش پەرۆشی زۆر هەیە بۆ پرسی ڕیفراندۆم و خەڵکی زۆری لەوێ داوا دەکەن کە کوردستان مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات".

ئەو نوێنەرەی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو: "هەوڵێکی زۆر هەیە لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە بۆ ئەوەی لەزاری بەرپرسانی ڕووسیاوە شتێک بدۆزنەوە لەدژی پرۆسەی ڕیفرادۆم بەڵام هەوڵەکەیان سەر ناگرێت".












باسنیوز
Top