عەدنان موفتی: وەک گەلانی دیکە مافی سەربەخۆییمان هەیە
عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی BBC رایگەیاندووە، بە درێژایی مێژوو گەلی کوردستان وەک گەلانی دیکە بەشێک بووە لە ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکان، بەڵام دوای رووخانی عوسمانییەکان، مافی سەربەخۆیی بە هەموو گەلانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە رەوا بینرا و بە گەلی کوردستان رەوا نەبینرا.
عەدنان موفتی هەروەها رایگەیاندووە، کە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بەغدا و بە گەلی کوردستانی راگەیاند، ”ئەو حکوومەتە جیاوازە و وەک حکوومەتەکانی پێشووی عێراق دژایەتیی مافەکانی گەلی کوردستان ناکات“.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو حکوومەتەی عێراق لە بەڵێنەکانی بەگەلی کوردستان پاشگەز بووەوە، کە لە دەستووری نوێی عێراقدا چەسپێنرابوون و سەرەتای دژایەتیکردنەوەی مافەکانی گەلی کوردستانیش بە جیبەجێ نەکردنی ماددەی 140ـی دەستوور بوو، کە باسی لە ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکرد.
لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیشەوە، کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئەیلوول بەڕێوە بچێت، عەدنان موفتی رایگەیاندووە، گەلی کوردستانیش وەک هەموو گەلانی دیکەی جیهان مافی خۆیەتی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ بێت، ”هەموو کوردێک، کە هەست بە کوردایەتی بکات، دەوڵەتی سەربەخۆی دەوێ“.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
