ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: داوامان لە گۆڕان کردووە بە زوویی وەڵامی پاکێجەکەی پارتی بداتەوە
ئەکرەم ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەسەر کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان لێدوانی داوە کە ئاگاداری بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووەتەوە کە وەڵامی پاکێجەکەیان بدەنەوە و ئێمەش وەک پارتی پێیان دەڵێین کە گرنگە بە زوویی وەڵامی ئەو پاکیجە بدرێتەوە، چونکە هیچی وای نەماوە بۆ چوونە بانگەشەی ریفراندۆم و وادەی ڕیفراندۆم، بۆیە دەبێت کۆبوونەوەکان خێراتر بکرێت وەڵامەکان خێراتربن تا کات بەفێرۆ نەدرێت".
ئەو سەرکردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو پاکێجەی پارتی داویەتییە گۆڕان بە شێوەیەکی هەمەلایەن چارەسەریی پرسی قەیرانەکان و حکوومەتی تێدایە، لەڕووی سیاسیشەوە پێیمان وایە دەبێت کەشو هەوایەکی سیاسیی گونجان بۆ سەرجەم لایەنەکان دروست ببێت کە پێکەوە کاری سیاسی بکەن، بۆیە گۆڕان دەبێت هاتنە پێشەوەی هەبێ بەتایبەت بۆ ئەو پرسانەی کە پارتی بە جیددی لەگەل باس کردووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "کات کەم ماوە بۆ پرسی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەمانە دوو پرسن ئەگەر گۆڕان خۆی یەکلا کردووەتەوە ئەوا راشکاوانە پێیمان بڵێت ئەگەر لە بیری ئەوە دایە چ بڕیارێک دەدات، ئەوا کات لە بەردەمی ماوە، خۆ ئەگەر گۆڕان نەیتە پرۆسەی ریفراندۆمەوە پەرلەمان کارا نەکاتەوە، ئەی ئەجێندای چییە؟ و خۆیان بەرپرسیارێتیی ئەوە هەڵدەگرن و بڕواشم وایە دەبێ گۆڕان ڕوئیای ڕوونیل لەسەر ڕیفرارندۆم و خۆیان یەکلا بکەنەوە، ئەگەر خۆشیان یەکلا بکەنەوە و کاریگەریی لەسەر داهاتووی سیاسیان دەبێت".
باسنیوز
