ســـــەرۆك بارزانی: هیچ دەوڵەتێک دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستانی نەکردووە
رۆژی سێشەممە 22/8/2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان رایگەیاند، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەهیچ شێوەیەک دوا ناخرێت و ”زمانی هەڕەشەش لە کەس قبوڵ ناکەین“.
بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان کۆنە و ”دەبێ دەوڵەمەندتری بکەین“ و دڵنیاییشی داوەتە نوێنەری ئەو پێکهاتانە، کە ئەوانیش بەشێک دەبن لە نووسینەوەی دەستووری کوردستان و مافەکانیان بە یاسا و دەستوور مسۆگەر دەکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کوردستان و عێراق لە هاوبەشیدا سەرکەوتوو نەبوون و شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمیش بە بەرپرسانی باڵای عێراقیان راگەیاندووە، کە ”پێویستە ببینە دوو دراوسێی باش“، پێشی وابوو ئەو دەرفەتەی لەم کاتەدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان دروست بووە، ”هیچ کات نەهاتووەتە پێشەوە“.
بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کاریگەریی لەسەر شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نابێت، بەڵکو ئەگەر خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ بین، ”ئابووریی و سوپایەکی بەهێزتریشمان دەبێ“ و کوردستان باشتر دەتوانێ رووبەڕووی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە ببێتەوە و بانکە نیودەوڵەتییەکانی بە دانی قەرز، دەتوانن هاوکاریی کوردستان بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، کە تا ئێستا هیچ دەوڵەتێکی جیهان دژایەتیی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان نیشان نەداوە، کە دەبێتە دەوڵەتی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان.
بارزانی ئاماژەی بە بڕینی مووچە و بەشەبودجەی کوردستان لەلایەن نوری مالیکیم سەرۆک وەزیرانی پیشووی عێراقەوە لە ساڵی 2013 کردووە و رایگەیاندووە، ”بڕینی بودجە و مووچە ئەنفالێکی دیکە بوو“، کە حکوومەتی عێراق دژی گەلی کوردستان ئەنجامی دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەزاران نوـینەری پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان ئامادەی بوون و لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر ئەنجام درا، بارزانی باسی شۆڕشەکانی گەلی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە، هەموو سەرکردەکانی گەلی کوردستان ”بۆ سەربەخۆیی خەباتیان کردووە“.
لەبارەی داخستنی سنوورەکان بە رووی هەریمی کوردستاندا لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە لەو باوەڕە نییە ئەو وڵاتانە ”لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان“، سنوور بەسەر گەلی کوردستان دابخەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاڵا و سروودی نەتەوەیی دەولەتی سەربەخۆیی کوردستان بە نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان کوردستانی راگەیاندووە، کە دەبێ سروودی نەتەوەیی و ئاڵا رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بێت.
باسنیوز
