دۆران کاڵکان: نابێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت
دۆران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی رێڤەبەریی پەکەکە بە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی پارتەکەی راگەیاندووە، نابێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت، چونکە ”کێ دەسەڵاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی بە کێ داوە؟“.
دۆران کاڵکان، کە بە رەگەز تورکە، پێی وایە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هەوڵێکی سەرکردایەتیی باشووری کوردستانە بۆ گوشارخستنە سەر دەوروبەر و پروپاگەندەیە.
ئەو سەرکردەیەی پەکەکە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە دژایەتیکردنی حزبەکەی دەزانێ و رایگەیاندووە، ئەو هەوڵە بۆ پارچەکردنی هەوڵەکانی پەکەکەیە.
ئەو لێدوانەی دۆران کاڵکان لە کاتێک دایە، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی داوە و چەندین جاریش باسیان لەوە کردووە، کە ئەو بڕیارە بڕیاری گەلی کوردستانە و هیچ کەس و لایەنێکیش مافی رەتکردنەوەی نییە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی باڵای پەکەکە جگە لەو لێدوانەی کاڵکان. هیچ هەڵوێستێکی نەرێنییان بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نیشان نەداوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
