''هەزاران هاووڵاتیی تەلعەفەر لەوپەڕی مەترسیدان''
(لیز گڕاندێ)، ڕێکخەری مرۆیی بۆ عێراق گوتی: ''بە هەزاران کەس لە تەلعەفەر بەرەو شوێنی سەلامەت ڕادەکەن''... ''خێزانەکان بۆ ماوەی ١٠ تا ٢٠ کاتژمێر لەوپەڕی پلەی گەرمادا هەڵدێن بۆ گەیشتن بە خاڵەکانی کۆبوونەوەی ئاوارەکان. ئەو کەسانەی دەگەنە جێ، شەکەت و ماندوون و وشك هەڵگەڕاون.''
گڕاندێ گوتی: ''زیاتر لە ٣٠.٠٠٠ کەس پێشوەختە لە قەزاکە ڕایان کردووە.'' ... ''ئێمە نازانین چەند هاووڵاتی هێشتا لەو ناوچانەن کە شەڕ و پێکدادان تێیاندا سەرهەڵدەدەن، بەڵام ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ هەزاران کەسی تر کە لە ڕۆژەکان و هەفتەکانی داهاتوودا ڕا دەکەن. بارودۆخی ناو شارەکە زۆر قورسە. خۆراك و ئاو کەم دەبنەوە و خەڵک پێویستییە سەرەتاییەکانیان نییە بۆ ڕزگاربوون.''
بە پێی بەیاننامەکەی ڕێکخەری مرۆیی بۆ عێراق، خاتوو گڕاندێ دەڵێت: ''هیچ شتێك لە پاراستنی هاووڵاتیان گرینگتر نییە لە ماوەی ململانێکەدا. ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بەوپەڕی مەترسییەکان کە خێزانەکان تووشیان دەبن. دەبێ هەموو شتێك بکرێت لە لایەن هەموو لایەنەکانی ئەم ململانێیەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە قوربانیدانی هاووڵاتیان و دڵنیابوون لەوەی خەڵك ئەو هاوکارییە وەردەگرن، کە بۆیان دانراوە لە ژێر یاسای مرۆییی نێودەوڵەتیدا.''
خاتوو گڕاندێ دەڵێت: ''حکومەت سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی، دابینکردنی گواستنەوە و کۆمەکی دەکات. هاوکارانی مرۆیی یارمەتی پێشکەش دەکەن لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لە ڕێگەی دابینکردنی هاوکاریی ڕزگارکردنی ژیان لە خاڵەکانی کۆبوونەوەی ئاوارەکان و هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی دەگەنە خێوەتگەکان.''
هەروەك لە ڕۆژی ٢٠ی ئاب، کەمتر لە ٥٠ لەسەدی ئەو پاڵپشتییە داراییە وەرگیراوە، کە لە پلانی بەهاناوەچوونی مرۆیی بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا داوا کراوە. ڕێکخەری مرۆیی بۆ عێراق گوتی: ''هاوکارانی مرۆیی بەپەلە پێویستیان بە سەرچاوەی زیاترە. ئێمە ناتوانین یارمەتیی ئەو کەسانە بدەین کە زۆرترین پێویستیان بە یارمەتییە، ئەگەر هاوکاریی داراییی زیاتر وەرنەگرین. هاووڵاتیان لە ناو تەلعەفەر ئازاری زۆریان چەشتووە. ئەوان بەپەلە پێویستیان بە هاوکارییە.''
kdp-
