پارێزەران: بەغدا دەستووری وەک مەرەکەبی سەر کاغەز هێشتووەتەوە

 	 پارێزەران: بەغدا دەستووری وەک مەرەکەبی سەر کاغەز هێشتووەتەوە
پارێزەران ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەغدا زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووری پێشێل کردووە و دەستووری عێراقی کردووەتە مەرەکەبی سەر کاغەز و جێبەجێ ناکرێت.

شاندی هەرێمی کوردستان کە چووە بەغدا نیزیکەی ٥٠ پێشێلکاریی دەستووری داوەتە لایەنە عێراقییەکان، لەکاتێکدا دەبوو بەغدا بە پێی دەستوور مامەڵەی بکردایە، بەڵام زەقترین پێشیلکارییەکان لە ئەو ماددانەدا کراون، کە ماددەی قورسن و پەیوەندییان بە پێکەوەژیان و مافی پێکهاتەکانەوە هەیە، لەوانە پشکی کورد لە سوپای عێراق و پرسی بوودجە و داهاتی پارێزگاکان و پرسی نەوت و گاز و شەراکەتی حکوومەت. (بەختیار حەیدەر)، سەرۆکی لقی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا ساڵی ٢٠٠٨ لە عێراقدا کار بە تەوافوق کرا، بەڵام دوای ئەو ڕێکەوتە، هێزە سیاسییەکانی عێراق باسی زۆرینە و حوکمی زۆرینەیان کرد، دواتر دەستیان کرد بە پێشێلکاری لە دەستووری عێراقدا و دەستووری عێراق بووەتە مەرەکەبی سەر کاغەز و بەڵێنەکانیش وا دەرنەچوون.''

سەرۆکی لقی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان گوتی: ''لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە حکوومەتی عێراق بەردەوام بووە لەسەر پێشێلکاریی دەستوور و بەڵگە هەیە، کە چۆن بەغدا پێشێلکاری لە دەستووری عێراقدا دەکات و عێراق بەڕواڵەت فیدراڵە و لە ماددەی ٩ و چوار و چەند ماددەیەکی دیکەی دەستووردا باس لە مافی کورد و پێهکاتەکان کراوە، بەڵام لە لایەن حکوومەتەکانی عێراقەوە پێشێل کراوە.''

(بەختیار حەیدەر) دەڵێ: ''لە ماددەی ٩ی دەستووری عێراقدا هاتووە، کە دەبێ سوپای عێراق لە پێکهاتەکان پێک بهێندرێت و کورد بە ڕێژەی ٢٠% لە سوپادا بەشدار بێت، بەڵام ئێستا کورد ڕێژەی لە ١%یشی پێ نەدراوە.''

سەرۆکی لقی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕاشیگەیاند: ''هەر لە ماددەی ٩ی دەستووری عێراقدا هاتووە، کە نابێ هێزی میلیشا دروست بکرێت، جگە لە سوپا، بەڵام حەشدی شەعبی درووست کرا و لەگەڵ ئەوەشدا پێکهاتەی ئەو هێزە تەنیا شیعەیە، کە ئێستا کێبڕکێ لەگەڵ سوپای عێراقدا دەکات، جگە لەوەش بەغدا بەمەوە نەوەستاوە، ماددەی ٤ی دەستووری عێراقدا باس لەوە دەکات، کە دەبێ زمانی کوردی و عەرەبی وەک یەک ئاست بەکار بهێندرێن، بەڵام ئێستا لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە کار بە نووسراوی عەرەبی دەکرێت.''

ئەم پارێزەرە روونی دەکاتەوە کە، ''بە پێی دەستوور دەبوو جگە لە ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمانێکی دیکە هەبوایە کە مافی پێکهاتەکانی بپاراستایە، بەڵام تا ئێستا ئەوە نییە و کورد تەنیا دەتوانێت ڕێژەی نیزیکەی ٢٥%ی پەرلەمان پێک بهێنێت.''

هاوکات (ئەیاد کاکەیی)، پارێزەر و چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''حکوومەتی عێراق سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی نێوان هەولێر و بەغدا پێشێلکاری کردووە، هەروەها سەرپێچیی یاسای بوودجەی کردووە، کە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە و، بە پێی یاسای بوودجەی عێراق، حکوومەتی عێراق دەبێ بڕی 17%ی بوودجەی عێراق دوای دەرکردنی خەرجیی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بەغدا نەک ئامادە نییە ئەوە بکات، بەڵکو دەستی بە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان کردووە، پارەی پێشمەرگەی نەداوە هەرچی ماددەی دەستووری هەیە، پێشێلکاری تێدا کراوە و هیچی وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.''

(ئەیاد کاکەیی) ئەوەشی خستە ڕوو: ''بەغدا ژمارەیەکی زۆر ماددەی دەستووری پێشێل کردووە، ئەوانەی زۆر دیارن، ماددەی ١١٢یە، کە باسی نەوت دەکات، کە بە ھاوبەشی دەربێت و بفرۆشرێت و یاسای بۆ دەربکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە نییە و نەتوانراوە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت.''

ناوبراو ئاماژە بە ماددەی ٤٧ دەکات، کە پەیوەستە بە ئەنجومەنی فیدراڵەوە، کە تائ ێستا موماتەڵەی پێ دەکرێت و ئەو پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمان ھەیە و پەسەند نەکراوە و گوتی: ''ماددەی ١٤٠ کە باسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەکات، جێبەجێ ناکرێت و ماددەی نۆ کە باسی سوپای عێراق دەکات، کە ھاوسەنگی ھەبێت و ھەموو پێکھاتەکان تێیدا بەشدار بن، ئەوەش جێبەجێ نەکراوە.''

ئەو شارەزای یاسایە ڕوونیشی کردەوە: ''جگە لەو ماددانە، چەندین ماددەی دیکەش پێشێل کراون، وەک ماددە یاساییەکانی ئازادی و داھاتی عێراق، ئەوەش خاڵێکی بەهێزە بۆ شاندی کوردستان.''
kdp-
Top