حەشدی شەعبی پەلاماری بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی بیانی دەدەن

 حەشدی شەعبی پەلاماری بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی بیانی دەدەن
چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پەلاماری بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی کەنیسەکانی ئەمریکا و کەنەدا دەدەن و لەلایەن پێشمەرگەوە ڕێگەیان لێ دەگیرێت.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 21/8/2017، خالد جەمال ئەلبێر، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و شاندێکی کەنیسەکانی ئەمریکا و کەنەدا، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ناوچە مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوا، سەردانی دەڤەرەکەیان کردووە و لە بازگەی نێوان قەرەقۆش و بەرتلە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە ڕێگەیان لێ گیراوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەوڵیان داوە لە شاندە بیانییەکە بدەن، بەڵام بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات 6 یان 7 پێشمەرگەی لەگەڵدا بووە، ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و تەقەکردن درووست بووە. گوتیشی: ”سووکایەتییەکی زۆر بە خالید جەمال و شاندە بیانییەکەش کراوە، دوای تەدەخولی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کێشەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و شاندەکە دەربازیان بووە“.

نەقشبەندی جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی پێکدادانەکەوە دوو یان سێ پێشمەرگە بریندار بوون و ئێستا وەزارەتی ناوخۆ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر کێشەکە هاتوونەتە سەر هێڵ.












باسنیوز
Top