سەرکردەیەکی یەکێتی: پێشوازی لە بەرەوپێشچوونەکانی نێوان پارتی و گۆڕان دەکەین
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان گرنگە، چونکە “دوو هێزی سیاسیی جەماوەرین لە کوردستان، دەبێ بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکان هەردوولا سازش بۆ داواکاری و مەرجەکانیان بکەن، چونکە قۆناغەکە ئەوە دەخوازێت کە بەیەکەوە بڕیار بدەین، بەتایبەت لەسەر ئەو پرسە چارەنووسسازانەی لە کوردستان هەن”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە بەهەموو لایەک کار بۆ چاککردنەوەی ناوماڵی کوردستان بکەن، بە تایبەتیش پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان. گوتیشی: “سەرجەم حزبەکان پەرۆشن و چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە پارتی و گۆڕان دەکەن، بۆیە یەکێتیش لە ڕوانگەی پەرۆشی بۆ پرسەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان، پێشوازی لە هەر هەوڵێکی پارتی و گۆڕان دەکات کە هیوادارین کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بەرهەمدار بێت و بگەنە چارەسەرێکی خێرا بۆ دۆخەکە”.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 21/8/2017، کۆبوونەوەی شاندی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی دەستی پێ کرد و تاوەکوو ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش بەردەوامە.
باسنیوز
