پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوا لە حزبەکەی دەکات بەرامبەر جموجۆڵەکانی گرووپی (نەخێر) بێتە دەنگ

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوا لە حزبەکەی دەکات بەرامبەر جموجۆڵەکانی گرووپی (نەخێر) بێتە دەنگ
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە حزبەکەی دەکات، بەرامبەر ئەو جموجۆڵانە بێتە دەنگ کە گرووپی (نەخێر) لە شاری سلێمانی ئەنجامی دەدەن و بە هەوڵێکی مەترسیدار وەسفیان دەکات.



ئەمڕۆ دووشەممە 21/8/2017، سەرکەوت سەرحەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: بەداخەوە پەرلەمانتارێکی یەکێتی چووەتە گرووپێکەوە کە خەڵک پشتی لەو گرووپەیە، ئەمەش بۆ یەکێتی و بۆ خودی پەرلەمانتارەکەش هەڵوێستێکی ناخۆش بوو”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە گرووپی (نەخێر) دەیانەوێت “سواری شەپۆلی ناڕەزایی سلێمانی ببن و کارەسات بەسەر ئەو شارەدا بهێنن”. گوتیشی: “هەر کەسێک لەگەڵ (نەخێر)ە کێشە نییە، بەڵام ئەم گرووپانە دەستیان بۆ هەندێک شت بردووە کە مەترسییە، یەکێک لەوانە دروستکردنی سیناریۆ و شتی جۆراوجۆرە کە دەیانەوێ لای خەڵکی متمانە بەهێزە ئەمنییەکان کەم بکەنەوە".



پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دووپاتی کردەوە کە ئەوەی لە سلێمانیدا دەکرێت، “بۆ داهاتووی کوردستان مەترسیدارە” و داوای لە یەکێتی کرد: “دەبێ لەسەر ئەم ڕووداوە یەکێتی هەڵوێستی هەبێت، چونکە پەرلەمانتاری کوردستان بەئاشکرا لەسەر شاشەی تەلەفۆزن بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە لە سلێمانی ترس و تۆقاندن هەیە و تۆمەت دەداتە پاڵ یەکێتی”.



گرووپی نەخێر لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)وە سەرپەرشتی دەکرێت کە تەنیا پەرلەمانتارێکی گۆڕان و پەرلەمانتارێکی یەکێتی و چەند کەسێکیان لەگەڵ دایە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند دەنگۆیەکیان لە سلێمانیدا بڵاو کردووەتەوە.



باسنيوز
Top