سەعدی پیرە: لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی عەرەبە شیعەکان سەردانی هەولێر دەکات
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھاوکات ئەندامی شاندی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە بەغدا ڕاگەیاند: ئەو لایەنانەی بەغدا کە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجامداون، کیشە و داخوازی و ڕا و بۆچوونەکان بۆ لای سەرکردایەتیی سیاسیی خۆیان دەبەن و جارێکی دیکە کۆبوونەوەی لەسەر دەکەن، بۆیە بە ئەگەرێکی بەھێز شاندێکی شیعەکان سەردانی ھەولێر دەکەن".
ئەندامەکەی شاندی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، پێشبینی دەکات: "دوای سەیرکردنی ئەو بابەتانە لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسی و ئەو لایەنانەوە، ھەنگاوێکی باشتر بەرەوپێش دەچن، چونکە ئەوە مادەی گفتوگۆکانە".
لە وەڵامی پرسیاری ئاخۆ وەڵامی لایەنەکان ھیچ شتێکی دڵخۆشکەری تێدایە کە بڵێین شتەکان چارەسەر دەکرێن، گوتەبێژی یەکێتی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "نەخێر، چونکە ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ عێراقییەکان ھەیە، ناتوانم ئێستا ئەو قسەیە بکەم و بڵێم ھەموو شتێک چارەسەر دەبێت، چاوەڕێ دەکەین، لە کۆبوونەوەکانیشدا ھێمامان بۆ ھەموو ئەو ڕێککەوتن و بەڵێنانە کرد کە لە ڕابردووودا کراون و جێبەجێ نەکراون، یان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ھەڵیان بژاردوون و جێبەجێیان نەکردووە".
سەعدی پیرە، ئاشکراشی کرد: "بە دیاریکراوی نازانرێت کە شاندی بەغدا لە چ ڕۆژێکدا سەردانی ھەولێر دەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ماوەی 10 ڕۆژ، یان دوو ھەفتەی دیکەدا دێن".
لە ناوەڕاستی ھەفتەی ڕابردووەوە شاندی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەردانی بەغدای کردووە و هەتا ئێستا لەگەڵ زۆرێک لە بەرپرسانی باڵا و لایەنەکانی شیعە و سوننەی ناو پەرلەمان و پارتە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان کردووە.
باسنیوز
