ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوە دەچێ
هێمن هەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک بارزانی، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردەوە: "کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 21/8/2017، شاندێکی باڵای پارتی لە شاری سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە".
بەپێی زانیارییەکان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکایەتیی شاندەکەی پارتی دەکات.
لەمبارەیەوە ئەرکان ڕەئوف، ئەندامی ژووری ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند، ئەوان وەک بزووتنەوەی گۆڕان، بەپێی بڕیاری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەکە، بە نیازن گفتوگۆ لەسەر 5 تەوەر بکەن، بەڵام نازانن پارتی بە نیازە جیا لەو تەوەرانە، لەسەر چ تەوەرێکی دیکە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات.
دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندیی نێوان پارتی و گۆڕان و لەکارکەوتنی پەرلەمانی کوردستان، نزیکەی 2 ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیی هاوشێوە لەنێوان پارتی و گۆڕان ئەنجام نەدراوە، لە کاتێکدا چاودێرانی سیاسی و لایەنە سیاسییەکان چاوەڕێی ئەوە دەکەن، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە ئەنجامی دڵخۆشکەر بۆ گەلی کوردستان و کۆتاییهاتنی کێشەکانی پارتی و گۆڕان بە کۆتا بێت.
لەلایەن خۆیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، ئەوان بە کۆبوونەوەکەی نێوان گۆڕان و پارتی ”گەشبین“ن و چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان دەکەن.
دوێنێ یەکشەممە عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕاگەیاند کە مەکتەبی سیاسیی پارتی، کۆبوونەوەیەک بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەو شاندە دەکات کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە.
هەر دوێنێ د. سەیوان فەرەج، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند کە وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکەی پارتی، ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.
باسنيوز
