"سەرکردە و ئەندامانی ئەنەکەسە لە زیندانی پەکەکەدا تەندروستییان جێگیر نییە"
(زیاد شێخۆ)، چالاکوانی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ژمارەیەک سەرکردەی پارتە کوردییەکانی ڕۆژئاوا لە زێندانەکانی پەکەکەدان و باری تەندروستییان جێگیر نییە.''
ناوبراو ئاماژە بە باری تەندروستیی (عەبدولڕەحمان ئاپۆ)، سەرکردەیەکی ئەنەکەسە دەدات، کە لە شاری عەفرین بۆ ماوەی ٤ مانگ دەستبەسەر کرابوو، ئێستا پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە، ئەگەرنا دەکەوێتە بارێکی ترسناکەوە.
هەر لەو بارەوە (محەمەد ساڵح)، کە سەرکردەیەکی ئەنەکەسەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا نیزیکەی ١٠ سەرکردەی ئەنەکەسە لە زێندانەکانی پەکەکەدان و ژمارەیەکی زۆری ئەندامەکانیشیان ڕادەستی ڕژێم کراون و نیزیکەی ٤٠ ئۆفیسی ئەنەکەسە و لایەنە جیاوازەکانی دیکە داخراون و سوتاون.''
بەگوێرەی لێدوانی چاودێرانی سیاسیی پەکەکە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژئاوای کوردستانی تێک داوە و سیستەمێکی تەواو میلیتاری خۆسەپێنی بەسەر خەڵکی رۆژئاوای کوردستان سەپاندووە، (محەمەد ساڵح) لەبارەی رەفتارەکانی پەکەکە دەڵێ، ''پەکەکە لە هەموو پرەنسیب و بەها مرۆییەکان دوور کەوتووەتەوە، هەر هێز و لایەنێکیش جیاواز لەو بیر بکاتەوە، دەیانخاتە زیندانەوە.''
وەک دەزانرێت چەندین سەرکردەی پارتەکانی تری ڕۆژئاوا لە لایەن پەکەکەوە بە هۆی جیاوازیی بیر و ڕاوە دەستگیر کراون، (زیاد شێخۆ) ئاماژە بە (نەشات زازا) دەکات، کە لە زیندانەکانی پەکەکەدا بووە و بە هەوڵی وڵاتێکی بیانی ئازاد کراوە: ''چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆفی جیهانی بەیاننامەیان دەرکرد بۆ ئەوەی (نەشات زازا) ئازاد بکەن، کەچی ئازادیان نەکرد، دواتر لەبەر ئەوەی ناوبراو ڕەگەزنامەی ئەڵمانیی هەبوو، پەیامیان بە پەکەکەدا و دواتر ئازاد کرا.''
لەسەر ڕەوشی (عەبدولڕەحمان ئاپۆ) لە زیندانی پەکەکدا، بەداخەوە دەڵێت: ''تەندروستییەکەی زۆر تێک چووە، پێویستی بە چارەسەر هەیە، جگە لە چارەسەریش ڕۆژانە لێی دەدرێت و لە زیندانی تاکەکەسیشدایە.''
لەمەڕ زیندانیکردنی (عەبدولڕەحمان ئاپۆ)، ئەو چالاکوانە سیاسییەی ڕۆژئاوا بە سەرسوڕمانەوە گوتی: ''ئەمە جاری پێنجەمە ئەو سەرکردەیە زیندانی دەکەن.''
kdp-
