کاروانی: قۆناغی داهاتوو وەدی هاتنی خەونی لە مێژینە و ئامانجی ئێستایە، کە دەوڵەتە

کاروانی: قۆناغی داهاتوو وەدی هاتنی خەونی لە مێژینە و ئامانجی ئێستایە، کە دەوڵەتە
یاسەتمەدارێکی کورد پێیوایە، گەیاندنی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە جیهان، قۆناغێکی نوێیە، هاوکات لە رووی سەربازی و پەیوەندییەکانی دەرەوەش حیسابی نیمچە دەوڵەتێک بۆ هەرێمی کوردستان کراوە، بڕواشی وایە کێشەی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر ناکرێت.

(ئەبوبەکرد کاروانی) سیاسەتمەداری کورد، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بە کرانەوەی جیهان بە رووی هەرێمی کوردستان دەکات و پێیوایە، کورد لە چەند ساڵی رابردوودا بوونی خۆی سەلماندووە، "هەرێمی کوردستان لە رووی سەربازییەوە خۆی سەلماندووە، لە رووی پەیوەندییەکانیشیەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەشدا بە تاقیکردنەوەیەکی باشدا تێپەڕیوە."

ناوبراو باسیش لە نا ئارامی و دیارنەبوونی داهاتووی عێراق، دەکات و پێی وایە، ئەو تێکشکاوییەی لە ناوچەکەشدا هەیه‌، بە تایبەت عێراق و سووریا، ئاسان نییە کەس گرەو لە بیناکردنەوەیان بکات، "پێموایە چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی شێواودا ناکرێت".

بە جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لە ئێستادا جیهان بە شێوەیەکی تر مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکات، وەک (ئەبوبەکر کاروانی) دەڵێت: "بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، کە کێشەی ئێمە ئەوەبوو لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بەڵگەنامەکانی گەلان و نەتەوە یەکگتووەکان، وەک نەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ نەکراوە، بەڵکو وەک کارتێک لە رووی ئەمنییەوە ئەیانڕوانییە ئێمە. نەک وەک گەلێکی خاوەن ماف، کە ئێستا حیسابمان بۆ دەکەن"، گوتیشی: "ئێستا کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قۆناغێکی تردایە و دنیا بە جۆرێکی تر مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکات".

ناوبراو جەنگی دژ بە داعش کردنەوەی ئەڵقەی زیاتری وڵاتانی جیهان بە رووی هەرێمی کوردستان ناو دەبات و دەڵێت: "جەنگی داعش هۆکارێکی تر بوو، کە دەرگاکانی دنیای بە شێوەیەکی هاڕمۆنی بە رووی کورددا کردەوە، وای کرد کورد وەک کاراکتەرێکی خاوەن هێز لە ناوچەکە سەیر بکرێت".

ئەو سیاسەتمەدارە یەکدەنگی و یەکڕیزی لایەنەکان بە پێویستییەکەی سەرەکی بۆ گەیشتن بە خەونی لە مێژینەی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەزانێت ده‌ڵێ، "ئەگەر کورد لە ئێستادا دیدێکی یەکگرتوانەی هەبێت، سەرقاڵی کێشە لاوەکییەکانی نەبێت، لە ئاستێکی بەرز گوزارشت لە یەکگرتووییمان بکات، بۆ ئەوەی رێزمان لێ بگیردرێت وەک گەل سەیرمان بکەن، دەتوانین ئەم قۆناغە بکەینە سەرەتایەک بۆ چوونە ناو قۆناغی گەورەی وەدی هێنانی خەونی رابردوو و ئامانجی ئێستا، کە خۆی لە دەوڵەتی کوردستاندا دەبینێتەوە".
kdp-
Top