سەرۆکپارتێکی ئێزدیان؛ باوەڕمان بە دەوڵەتێکی کوردستانی هەیە
لە ٧ی حوزەیرانی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکاندا بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و (کۆسرەت ڕەسووڵ)، جێگیری سەرۆکی هەرێم بریاریان دا، ڕیفراندۆم لە کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوە بچێت، کە زۆربەی زۆری ناوچە ئێزدییەکان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
(عادل شێخ فرمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''بەشێکی زۆری ئێزدییان بە بەڵێ دەنگ دەدەن، ئەویش لەبەر هۆکاری ئەوەی زۆربەی ئێزدییان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ژێر یەک چەتر، ئەویش کوردستانە و کوردانی ئێزدی دەزانن بەرژەوەندییان لەگەڵ کوردستانە و بڕوایان بە دەوڵەتێکی کوردستانی هەیە.''
(سەرۆک بارزانی) لە پەرلەمانی ئەورووپا بە پەرلەمانتارەکانی ئەو پەرلەمانەی ڕایگەیاند: پێکهاتە ئایینییەکان چۆن بڕیاری خۆیان بدەن، ئەوان ڕێز لە بڕیارەکانیان دەگرن و ڕوونیشی کردەوە، پێشمەرگە خۆێنی خۆی ڕشتووە بۆ ئازادکردنی ناوچەی پێکهاتەکان.
(عادل شێخ فرمان) ئەوەیشی گوت:'' ئێزدییان ناتوان لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکاندا بژین و دەیانەوێت ناوچەکانیان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و پارێزراو بن و چی دیکە پشتگوێ نەخرێن و دەیانەوێت بە پەرۆشی بکەونە نێو هەموو پۆستە ئیداری و سیاسییەکان و هیچ جارێکیش ئێزدییان سازشیان لەسەر مافەکانیان و خاکی خۆیان نەکردووە و بەڵگەش ئەوەیە کە پاش ٧٤ کارەسات، تا ئێستاش بە خاک و ئایینی خۆیانەوە گرێدراون.''
kdp-
